ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە تەرمی كەسێكی تەمەن 23 ساڵ لە نزیك گوندی بابوخكێی سنووری پارێزگای دهۆك دۆزرایەوە، كە دەوترێت رەگەزی خۆی لە كوڕەوە بۆ كچ گۆڕیوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای دهۆك لەراگەیەندراوێكدا دەڵێت: “ئێوارەی ئەمڕۆ پۆلیس ئاگادار كرایەوە لەسەر روداوێكی كوشتن لە نزیك گوندی بابوخكێی سەر بە ناحیەی مانگێش لە سنووری پارێزگای دهۆك، دوای رووداوەكەش تیمەكانیان دەستیانكردوە بە لێكۆڵینەوە و تەرمەكەش رەوانەی پزیشی دادی كراوە”.
پۆلیسی دهۆك ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە : “ئەو كەسەی كوژراوە بەناوی (د، ا) تەمەن 23 ساڵە و دانیشتووی پارێزگای دهۆكە، تۆمەتباری سەرەكی رووداوەكەش كە برای كوژراوەكەیە، لە هەرێمی كوردستان ناژی و دوای رووداوەكە كوردستانی جێهێشتووە”.
بەگوێرەی زانیارییەكان ئەو گەنجە كاری مەیكەپی كردووە و ماوەیەك بووە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بانگەشەی ئەوەی كردبوو كە رەگەزی خۆی لە كوڕەوە بۆ كچ گۆڕیوە، بۆیە لەلایەن براكەیەوە كوژراوە، لەم بارەیەوە پۆلیسی دهۆك دەڵێت: ئەوانە زانیاری سەرەتایین و تاوەكو تەواوكردنی رێڕەوی لێكۆڵینەوەكان ناتوانرێت پشتڕاست بكرێنەوە.
پۆلیسی پارێزگای دهۆك پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بە ماددەی 406 بۆ دۆسییەكە كردووەتەوە كە پەیوەندیدارە بە رووداوی كوشتن.