پۆلیسی گەرمیان دوای 17 ساڵ تۆمەتبارێك بەكوشتنی هاوسەرەكەی دەستگیر دەكات كە لەساڵی 2005 ەوە فەرمانی دەستگیر كردنی بۆ دەرچووە.
موقەدەمی مافپەروەر عەلی جەمال قەدوری لێپرسراوی راگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان دەڵێت: “تۆمەتبارێك بەناوی ( ا – م – ح ) لەدایكبووی 1968 لەساڵی 2005 لەشارۆچكەی تەق تەق خێزانەكەی خۆی دەكوژێت و هەڵدێت و تا ئێستا چەند جارێك شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی گۆڕیوەو خۆی حەشارداوە”.
وتیشی: “دوای وەرگرتنی زانیاری ئەمڕۆ هەینی پۆلیسی گەرمیان بەشی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان توانیان تۆمەتبار دەستگیر بكەن، كە لەلایەن دادگای شارۆچكەی تەق تەقەوە لەساڵی 2005 وە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە”.
لێپرسراوی راگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەشداوە: “لەئێستادا بەبڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی قەزای كەلار بەپێی مادەی 406 بەندكراوەو دواتر ڕادەستی پۆلیسی شارۆچكەی تەق تەق دەكرێتەوە”.