كەنار تەها، یەكێكە لە هونەرمەندە میوزسیان و گۆرانیبێژەكانی شاری سلێمانی و ژەنیاری ئامێرەكانی (سێتار و تارباس و سێتارباس)ە و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری گروپی میوزیكی لوڕە و پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی تەواو كردووە.
هونەرمەند كەنار تەها لە چاوپێكەوتنێكی تۆڕی میدیای تەواردا باسی رەسەنایەتی میوزیكی كردوو ووتی” بەبیر و بۆچونی من ئیش تا ئیش كەوتووە، بەتایبەتی هەر كارێك كە ئەكرێ ئەگەر زۆریش ببرێت بەلای هونەری وڵاتێكیتردا هەر كەمێك ڕەسەنایەتی كوردی تێدایە، بۆ نمونە ئەگەر لە ناو كۆمەڵێك ژەنیاری بیانی ژەنیارێكی كورد ژەنینی خۆی بكات هەر دیارە كە كوردە، چونكە هەستی كوردانەیە”.
دەربارەی تۆماركردنی كلیپ و گۆرانی و كێشەو گرفتەكانەوە خاتوو كەنار ووتی” كاتی كلیپكردنی هەربەرهەمێك كۆمەڵێك كێشە هەیە بەتایبەت بۆ ژنانی هونەرمەند بەتایبەتیتر ئەگەر خاوەنی منداڵ وهاوسەربێت، بێجگە لە هیلاكی و سەرما و گەرما و نەبوونی سپۆنسەر و كۆمەڵێك وردەكاریتر”.
خاتوو كەنار دەربارەی رۆڵی ژنانی هونەرمەندی كورد دەڵێت” ژنان كەم تا زۆر بەشداریان لە داهێنان و پێشكەوتن و بەرهەمێنان كردووە لەم ووڵاتە بەپێی ڕێگە پێدانیان لە هەموو بوارەكانی ژیان وە بەتایبەت بواری هونەر كە بوارێكە زۆر قورسترە لەسەر ژن لەم ووڵاتە، ژنێك بۆ بوون بە هونەرمەند ئەبێ هەندێ باج هەیە بیدات”.
كەنار بەرهەمی داهاتووی بۆ میدیای تەوار ئاشكراكردوو ووتی” كاری داهاتووم بریتی دەبێت لە كاری مۆزیك و بەكلیپ كردنی مۆزیك”
ئا/ تریفە حەسەن