خاتوو لەیلا عومەر عەلی وەك یەكەمین ژن لە مێژووی شارەكەدا، دەبێتە سەرۆكی شارەوانی سلێمانی.
بەپێی فەرمانێكی وەزارەتی شارەوانیو گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە ئیمزای ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری لەسەرەو وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی تەوار كەوتووە، راژەی خاتوو لەیلا عومەر عەلی لەوەزارەتی ناوخۆ/ پارێزگای سلێمانییەوە بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار / سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانیو دانانی بەسەرۆكی شارەوانی سلێمانی دەگوازرێتەوە.
لەفەرمانەكەدا كە رۆژی شەشی ئەم مانگە دەرچووە هاتووە: “ئەم فەرمانە لەرێكەوتی دەرچونییەوە جێبەجێ دەكرێت”.
بۆ یەكەمین جارە لەمێژووی شاری سلێمانیدا ژنێك دەبێتە سەرۆكی شارەوانی.
خاتوو لەیلا عومەر وەك یەكەم ژن ساڵی 2020 بەزۆرینەی دەنگی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بووە جێگری پارێزگاری سلێمانی بۆ كاروباری كارگێڕێ.
خاتوو لەیلا ساڵی 1975 لە سلێمانی لەدایكبووە، ساڵی 1996 كۆلێژی یاسای لە زانكۆی سەڵاحەدین تەواوكردووە، ساڵی 1997 لە بەڕێوەبەرایەتی تۆماركردنی خانووبەرەی رۆژهەڵاتی سلێمانی دامەزراوە، ساڵی 2000 بووەتە جێگری بەڕێوەبەری تۆماركردنی خانووبەرەی رۆژهەڵاتی سلێمانی، ساڵی 2005 بووەتە بەڕێوەبەری تۆماركردنی خانووبەرەی رۆژهەڵاتی سلێمانی، پێشتر ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بووە.