شاتوو كامەران، كە یەكێكە لە مایكەپ ئاڕتستەكان و تەمەنی ٢٢ساڵە، دەرچووی كۆلێژی وەرگێڕان، ماوەی پێنچ ساڵە لە هونەری مایكەپدا كاردەكات. خاتوو شاتوو لە دیدارێكی تایبەت بە تۆڕی میدیای تەوار باسی لە مایكەپی سینەمایی و ئەزمونی خۆی و كاری كردوو ووتی” لە تەمەنێكی كەمەوە دەستمكرد بە كاری هونەری، بەڵام لە شانزە ساڵیەوە بە تەواوەتی خۆم بۆ تەرخانكرد و دەستمكرد بە كاركردن لە بوارەكەیا، تاكوو ئێستاش بەردەوامم و بۆتە سەرچاوەی بژێویم”.
دەربارەی هونەری مەیكەپی سینەمایی شاتوو كامەران وتی” لەم ساڵانەی دوایدا لەگەڵ پێشكەوتنی بواری سینەما لە كوردستاندا داواكاری و پێویستیش لەسەر مەیكەپی سینەمایی بەرە و زیاد بوون ڕۆیشت، ئەو كاتەی من سەرەتا دەستمپێكرد كۆمپانیای وەبەرهێنەكان پشتیان بە هونەرمەندە ئێرانیەكان ئەبەست بۆ مەیكەپ، ئێستا كۆمەڵێك كەسی باش لەم بوارە ئیشدەكەن و تا رادەیەك ئەو بۆشاییەیان پڕكردۆتەوە”.
سەبارەت بەو موادانەی بەكاری دەهێنێت چۆنێتی دەستكەوتنی شاتوو دەڵێت” لێرە زۆرێكان بەردەست نیە، تا ئێستاش یەكێكە لە كێشە گەورەكان، هەر لەبەر ئەمەشە من لەگەڵ ئەو كارانەی ئەیكەم بازاڕێكی بچوكی ئۆنڵاینم داناوە بۆ مەیكەپی سینەمایی، بۆ ئەوەی هەركەسێك دەستی بە كارەكەكرد وەك سەرەتای من بەو هەموو كەموكوڕی و كێشەیەدا نەڕۆن”.
شاتوو باسی لەوەكرد كە لە ئێستادا هونەرمەندی زۆری كچان هەن لەم بوارەدا كاردەكەن و دەربارەی بوونی دەرفەتی كاركردن بۆ كچانی مایكەپ ئاڕتست ووتی” خۆشبەختانە تا ڕادەیەكی باش ژنان ڕۆڵێكی سەرەكی ئەبیینن لە بوارەكەدا، كۆتا فلیم كە بەشداریم تێداكرد دەرهێنەر و یاریدەدەری دەرهێنەر، كلاپەر، كۆنتنیوتی، دیزاینی جل و مەیكەپ و دەنگ بەگشتی ژن بوون”.
جگە لە هونەری مەیكەپ شاتوو وێنەكێشێكی سەركەوتووە و دەربارەی وێنەكانیشی ووتی” من پێش ئەوەی دەس بدەمە كاری مەیكەپی سینەمایی سەرقاڵی وێنەكێشان بووم و هەر بە هۆی ئەوەشەوە فێری مەیكەپ كردن بووم، بەڵام وێنەكێشان وەك هێوركەرەوەیەكی ڕۆحی و ئارامبوونەوە بەكاردەهێنم وەك لە پیشەیەك، وێنەكانیش زۆرجار گوزارشت لە باری دەروونی خۆم دەكەن لەو كاتەی دەیانكێشم”.
لە كۆتایی ئەم دیدارەدا شاتوو ووتی” من كاتێك دەستمكرد بەم ئیشە وەك كاتبەسەربردن وابوو بیرم لەوەنە ئەكردەوە ڕۆژێك لە ڕۆژان ببێت بە پیشە، بۆیە هەرگیز كارە هونەریەكان بەكەم مەزانن و مەترسن لە دەستپێشخەریكردن لە بوارەكەدا”.
ئا/ تریفە