ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

پیاوێك لەئێران، هاوسەرەكەی سەردەبڕێت

لەشاری ئەهوازی ئێران پیاوێك، هاوسەرە تەمەن 17 ساڵەكەی خۆی سەردەبڕێت ‌و وێنەی ڤیدیۆییشی بڵاودەبێتەوە كە بەشەقامەكاندا دەگەڕێت‌و سەری هاوسەرەكەی خۆی بەدەستەوەیە.

ڤیدیۆی پیاوێك لە ئەهوازی ئێران بڵاوبووەتەوە كە بە دەستێكی چەقۆیەكی گەورە و بە دەستەكەی دیكەی سەری بڕاوی هاوسەرەكەی كە ناوی مونا حەیدەرییە هەڵگرتووە‌و لەشەقامێك بەبزەیەك لەسەر لێوی دەردەكەوێت و خۆی وەكو پاڵەوان دێتە بەرچاو، گوایە سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێناوە.

بەپێی روونكردنەوەكانی پۆلیس (مونا حەیدەری) تەمەن 17 ساڵ لەلایەن مێردەكەیەوە سەری لە لاشەی جیا كراوەتەوەو لەلایەن هاوسەرەكەی و برای هاوسەرەكەشیەوە وێنەی ڤیدیۆیی ساتی سەربڕینەكەی گیراوە و دواتریش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە.

پۆلیسی ئێران لاشەی مونا حەیدەری لە دەرەوەی ماڵەكەی خۆیان و لە شوێنی رووداوەكە دۆزیوەتەوە، بە پێی سەرچاوە هەواڵییەكانی راگەیاندنەكانی ئێران بە بیانوی پارێزگاری كردن لە ناموس مونا كوژراوە.

مونا لە تەمەنی 12 ساڵیدا بە زۆرە ملێی خێزانەكەی هاوسەرگیری لەگەڵ سەجاد كردووە و ئێستا خاوەنی كوڕێكن.

كەسانی نزیك لە مونا حەیدەری دەڵێن كە مێردەكەی بەردەوام توندوتیژ بووە لەگەڵی و زۆرجار لەلایەن مێردەكەیەوە لێیدراوە و وە كاتێك باسی جیابوونەوەی كردووە لەلایەن دەوروبەریەوە قایل كراوە كە لەبەر منداڵەكەی بمێنێتەوە و جیانەبێتەوە.

مونا بۆ پارێزگاری كردن لە ژیانی خۆی سەفەر دەكات بۆ وڵاتی توركیا بۆ ماوەیەك لەوێ‌ دەمێنێتەوە، هەڕەشەكانی هاوسەرەكەی بەردەوام دەبن، بەڵام دوای ئەوەی خێزانەكەی بە مونا دەڵێن كە ئەوان پارێزگاری لێدەكەن، دەگەڕێتەوە بۆ ئێران و دواتریش لەلایەن هاوسەر و شوبراكەیەوە بەم شێوازە دڕندانەیە دەكوژرێت.

(سەجاد حەیدەری) هاوسەری مونا دوای ئەوەی تاوانەكە ئەنجام دەدا، سەری مونا هەڵدەگرێت و بەناو كۆڵانەكانی شاری ئەهوازدا دەسوڕێتەوە و دەڵێت ئەمەشی بۆ ئەوە كردووە تا بە خەڵكی بڵێت كە ئەو پیاوێكی بێ‌ غیرەت نییە.

لەدوای ئەنجامدانی تاوانەكە لەلایەن پۆلیسی ئەهوازەوە بكوژ و براكەی كە هاوكاری بووە لە كوشتنی مونادا دەستگیركراون و دۆسیەی تایبەت بۆ رووداوەكە كراوەتەوە و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن.

ئەم رووداوە دەنگدانەوەیەكی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا لە هەموو جیهاندا و ئەو وێبسایتەش كە ڤیدیۆكەی بڵاوكردووەتەوە لەلایەن دەستەی چاودێری میدیای ئێرانەوە داخراوە.

ئا/ ژیوار خدر

هاوشێوە

ڤیدیۆ