وەك ئامادەكارییەك بۆ رۆژی 2/14 كە رۆژی خۆشەویستییە، دوكانو فرۆشگەكانی سعودیە بەنمایشكردنی جلوبەرگو گوڵی سور ئامادەكاری بۆ ئەو رۆژە دەكەن.
بازاڕ و فرۆشگەكانی ئەو وڵاتە بەڕەنگی سوری ڤالانتاین نەخشێنرا، كە پێشتر قەدەغە بوو لەهەر گەنجێك كە بەو بۆنەیەوە گوڵی سوری پێ بێ یان جلی سوری پۆشیبێ و لەلایەن پۆلیسی ئاینیەوە ڕێگری لێدەكرا، ئەمەش لەئەنجامی ئەو كرانەوەی كە ئێستا ئەو وڵاتە بەخۆیەوە دەبینێ لەسەردەستی موحەمەد بن سەلمان كە ڕێگەیدا بەژنان شۆفێری بكەن و كافێو ڕێستۆرانتەكانی بەڕوی خێزانەكاندا كردەوەو بواری ڕەخسان بۆ ژنان كە بەشداری لەوەرگرتنی هەندێ پۆستدا بكەن.
ئەم ساڵ جیاواز لەساڵانی پێشوو لەفرۆشگەكانی ئەو وڵاتەدا زۆر دیاری تایبەت بە ڕۆژی ڤالانتاین نمایشكراوە بۆ فرۆشتن.
خلود كچێكی دوكاندارەو تەمەنی 36 ساڵە بەجلوبەرگێكی رەشو دەموچاو داپۆشراوەوە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: “پێشتر خەڵك ئاهەنگی بۆ رۆژی خۆشەویستی نەدەكرد، بەڵام ئێستا ئاهەنگ دەگێڕن”.
خلود لەدوكانەكەیدا كە لەپشتییەوە پۆشاكی خەوو جلی ژێرەوەی ژنان هەڵواسرا بوو وتیشی: “لەئێستادا كە نزیكە لەرۆژی خۆشەویستییەوە، پێشوازییەكی زۆر لەم جۆرە جلانە دەكرێتو كڕیارەكانم بەزۆری داوای رەنگی سور دەكەن”.
ئاماژەی بەوەشدا: “خۆشەویستی خوێی ژیانە و ئاهەنگ گێڕان بۆی كارێكی زۆر جوانە، ئیتر لەنێوان هاوسەرەكان یاخود دوو خۆشەویست دا بێت”.
ئا/ سەیوان