ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

لەرۆژی بەرەنگاربونەوەی شێرپەنجەی منداڵاندا، منداڵانی تووشبوو پیشانگەیەك دەكەنەوە

ئەمڕۆ بەبۆنەی رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی منداڵان، پیشانگەیەكی كاری دەستی‌و وێنەكێشان لە شاری سلێمانی ئەنجام درا.

رۆژی ١٥ی شوباتی هەموو ساڵێك وەك رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی منداڵان دیاریكراوە و بەو بۆنەوەیە سەنتەرەكانی چارەسەریی شێرپەنجە لە هەریەك لە سلێمانی، هەولێر و دهۆك چالاكی جۆراوجۆریان تیا ئەنجامدرا.

رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان لە نەخۆشخانەی هیوا لەشاری سلێمانی پیشانگەیەكی كاری دەستی و وێنەكێشانیان بۆ منداڵانی تووشبوو بە شێرپەنجە كردەوە.

لە چالاكییەكەدا، نزیكەی ١٠٠ منداڵ بەشداربوون و تیایدا كاری دەستی و وێنەكێشان كە منداڵانی تووشبوو بە شێرپەنجە ئامادەیان كرد بوو نیشان درا.

رۆژدیار محەمەد، یەكێك بوو لەو مناڵانەی شێرپەنجە تێپەراندوە بەتۆڕی میدیایی تەواری وت: “من لە نەخۆشی شێرپەنجە چاكبومەتەوە، بەشداری ئەم چالاكییەم كردووە بۆ ئەوەی هانی ئەو منداڵانە بدەم كە نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە‌و پێیان بڵێم بڕوایان بەخۆیان هەبێت‌و خۆڕاگربن‌و ئەو نەخۆشییەیان هەروەكو نەخۆشی تر چارەسەری هەیە‌و بێهیوا مەبن”.

رۆژدیار باسی لەنەخۆشییەكەی خۆی كرد‌و وتی: “لەسەرەتادا بێهیوا بووم لە چاكبونەوە، هەتا سێ‌ جەلسەش ئامادە نەبووم چارەسەری كیمیایی وەربگرم‌و هەر دەموت من دەمرم، بەڵام دوای ئەوە واملێهات بیر بكەمەوە ‌و بە هاوكاری پزیشك‌و كارمەندانی نەخۆشخانە هیوا، (هیوایان) پێبەخشیم‌و دەرمانم وەرگرت‌و ڕازی بووم بەچارەسەر وەرگرتن، ماوەی ٣ساڵ بەردەوام بووم لە وەرگرتنی چارەسەرو یەك ساڵی خوێندن نەچووم”.

لەبارەی باری تەندروستی خۆی لەئێستادا، رۆژ وتی: “ئێستا خۆشبەختانە گەڕامەتەوە بۆ خوێندن‌و هەمیشە دایك و باوك‌و خێزانەكەم و هاوڕێ‌ ‌و مامۆستاكانم پاڵپشتیان كردوم‌و هیوابەخش بوون”.

دایكی ڕۆژدیار لەبارەی كچەكەیەوە دەڵێت: “پێمخۆشە بەهەموو دایك و باوكان بڵێم كاتێك مناڵێكیان نەخۆشی شێرپەنجە دەبێت، راستە هیلاك و ماندوو دەبن، بەڵام ئەو ماندوو بونەیان بێ‌ ئەنجام نییە‌و چونكە نەخۆشخانە هیوا هاوكار و پشتیوانی نەخۆشەكانە‌و بەباشترین چارەسەرو هەمیشە رۆحی خۆیان دەكەن بە دەرمان و پێشكەشی نەخۆشەكانی دەكەن، زۆر لەنەخۆشەكان چاكبونەتەوە و یەكێك لەوانە مناڵەكەی منە”.

دایكی رۆژدیار شانازی بەكچەكەیەوە دەكات كە دوای چاك بوونەوەی هەمیشە پێی دەڵێت: “خۆزگە ڕۆژێك لە ڕۆژان بگەڕێمەوە ئەم نەخۆشخانەیە‌و بەهەر كارێك بێت خزمەتی نەخۆشەكان بكەم”.

كۆژین حسێن سەرپەرشتیار‌و توێژەری كۆمەڵایەتی مناڵپارێز لە نەخۆشخانەی هیوا دەربارەی چالاكییەكە دەڵێت: “ئەمڕۆ ڕۆژی بەرەنگاربونەوەی شێرپەنجە مناڵانە، ئێمەش پیشانگەیەكی تابلۆ‌و كاری دەستیمان كردەوە كە مناڵەكان بەدرێژایی چارەسەر وەرگرتن ئەم چالاكیانەیان ئەنجامداوە”.

وتیشی: “رۆژانە بە وێنە دروستكردن و كاری دەستی، پاڵپشتی دەروونی و كۆمەڵایەتی پێشكەش بە مناڵان دەكەین”.

لەبارەی ئەوەی منداڵان كاتێك دێنە نەخۆشخانەی هیوا بارودۆخی دەروونیان چۆنە، كۆژین حسێن وتی: “لەسەرەتادا لە بارودۆخێكی سەختدا دەژین‌و ترسێكی زۆریان لە نەخۆشییەكە هەیە‌و قژیان هەڵدەوەرێت‌و پێستیان تێكدەچێت، ئەمە جگە لەوەی ناچنەوە بۆ قوتابخانە”.

وتیشی: “مناڵ هەیە سی رۆژ لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە‌و نابێت كەس بیبینێت، بۆیە ئەركی ئێمە هاوكاریكردن و پشتیوانكردنی دەروونی و كۆمەڵایەتی منداڵەكەیە‌و هەوڵدەدەین زوو چارەسەر وەربگرن‌و بەرەنگاری نەخۆشییەكە ببنەوە”.

باسی لەوەشكرد كە زۆربەی زۆری منداڵەكان، دەرمان و چارەسەر رەتدەكەنەوە، بەڵام بەپاڵپشتیكردن و هاوكاریكردن، چارەسەر وەردەگرن و چاكدەبنەوە”.

ئا: تریفە

هاوشێوە

ڤیدیۆ