شیرین عەبادی لەمێژوی ژنانی ئێراندا ناوێكی دیارە و یەكەمین ژنە دادوەرە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا كە بۆتە براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە ساڵی 2003.
شیرین عەبادی لە 21ی حوزەیرانی 1947 لە هەمەدان لە دایكبووە، مافناس و دادوەری پێشوی دادگای ئێران و داكۆكیكاری مافی مرۆڤ و مامۆستای زانكۆ و نوسەری ئێرانییە، یەكێكە لە دەستەی دامەزرێنەرانی رێكخراوی داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ و ئەنجومەنی داكۆكیكردن لە مافی مناڵانی ئێران و خاوەنی بروانامەی دكتۆرایە لە بواری یاسادا.
لە ساڵی ۱۹۷۸ لەگەڵ هاتنی كۆماری ئیسلامی، شیرین عەبادی و تەواوی ژنانی دادوەر لە پۆستەكانیان دوور دەخرێنەوە، دوای ئەوە شیرین بوو بە سكرتێری بەردەرگای ئەو دادگایەی كە خۆی پێشتر سەرۆكی بوو، لە دوای سكاڵای ژنانی دادوەر بەو دۆخە ئەویان وەكوو راوێژكاری دادوەر گێرایەوە بۆ ناو دادگا.
ماوەی چەندین ساڵ بەم شێوەیە لە دادگا مایەوە و تاوەكو ئەوەی كە خزمەتی گەشتە ۱٥ ساڵ لە دادگا، بۆیە داوای خانەنشینی پێش وەختەی كرد، بە وتەی خۆی “درێژەدان بەمشێوە كاركردنە بۆ ئەو گونجاو نەبوو، بۆیە لە ماڵەوە دانیشت و خەریكی لێكۆڵینەوە و نوسینی كتێب و وتار دەبێت”.
لە ساڵی 2002دا ڕەشنووسی یاسایەكی دژی دەستدرێژی جەستەیی نووسی كە لەلایەن پەرلەمانی ئێرانەوە دەنگی پێدرا. یەكەمین ژنە دادوەری ئێرانییە كە بووە براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە ساڵی ۲٠٠۳دا.
ئەو خەڵاتەی كە لەو كاتەدا پێیبەخشرا بڕەكەی یەك ملیۆن و سێسەد هەزار دۆلاری ئەمریكی بوو تەواوی پارەكەی بۆ رێكخراوی داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ و رێكخراوی داكۆكیكردن لە مافی مناڵان و رێكخراوی هاوكاریكردن لە پاكردنەوەی زەوییە مین رێژكراوەكان تەرخانكرد.
شیرین عەبادی جگە لە خەڵاتی نۆبڵ خاوەنی چەندین خەڵاتی ترە وەك:
• خەڵاتی هەڵبژاردنی كتێبی مافی مناڵ وەكوو كتێبی هەڵبژاردەی ساڵ لەلایەن وەزارەتی فەرهەنگی ئێرانەوە.
• خەڵاتی مافی مرۆڤی رێكخراوی رافتۆ بۆ كاركرن لە بواری مافی مرۆڤ لە نەرویج لە ساڵی ۲٠٠۱.
• مەدالیایی لژیون دونوری فەرەنسا ساڵی ۲٠٠٦.
• خەڵاتی منهائی وڵاتی كۆریای باشور ۲٠٠۹.
• خەڵاتی مافی مرۆڤی فلیكس ئەرماكۆرا، وڵاتی نەمسا۲٠۱٠.
• خەڵاتی تایبەت بە شاریبۆن لە سیمیناری دیموكراسی لە ئەڵمانیا ۲٠۱٠.
• خەڵاتی ولفگانگ فریدمن لە زانكۆی یاسای كۆلۆمبیا ئەمریكا ۲٠۱۳.
ئا/ پروشە