هەردوو ژنە ئەكتەری بەتوانای بواری كۆمیدیا بەیان بۆمبا و بەیان زەریفی لە دوو كاری جیاوازدا دەردەكەون.
هونەرمەند بەیان بۆمبا لەگەڵ بەردەوامبوونی لە كاری نواندن لە مانگی رەمەزاندا لەگەڵ چەندین هونەرمەندی دیاری كوردستاندا رۆڵی سەرەكی دەگێرێت لە زنجیرە درامایەكی كەناڵی كوردساتدا و بەیان زەریفیش دوای حەوت ساڵ لە دابڕانی لە كاری هونەری لە مانگی سێدا لەسەر شانۆ دەردەكەوێتەوە.
لە دیداریكی تایبەتی رۆژنامەی ژیانەوەدا ژنە ئەكتەری بەتوانای بواری كۆمیدیا بەیان بۆمبا باسی لە نوێترین كاری هونەری خۆی كردوو ووتی” لە ئێستادا سەرقاڵی وێنەگرتنی درامایەكی چل هەڵقەین بەناوی زنجیرە درامای سەمەرە كە بەرهەمی كەناڵی كوردساتە و دەرهێنانی هونەرمەند جەمیل مفاخریە و باس لە كێشەخێزانیەكان دەكات بەشێوەیەكی تەنز ئامێز”. ئەوەشی ئاشكرا كرد كە بڕیاروایە ئەم درامایە لە مانگی رەمەزانی ئەمساڵدا پێشكەش بكرێت.
لەلایەكیترەوە هونەرمەند بەیان زەریفی هۆكاری كەمی كاری هونەری و دوور كەوتنەوەی بۆ ماوەی حەوت ساڵ ئاشكرا كردوو ووتی” ماوەی ساڵێكە تەندروستیم هیچ باش نەبوو لەو ماوەیەدا چوار نەشتەرگەریم بۆ كراوە ئەوە یەكێكە لە هۆكارەكان كە نەمتوانیوە كاربكەم، پێشتریش لەبەر پەتای كۆرۆنا و چوار ساڵیش خەریكی خوێندن بووم لە بەشی فیلمسازی كۆلێژی هونەرەجوانەكان، ماوەی حەوت ساڵە وەك پێویست كاری هونەریم نەكردووە”. هەروەها ووتیشی” لەماوەی ئەو چوار ساڵەی زانكۆداشدا لە كورتە فیلمێكدا بەناوی (تەنیایی باشترە) بەشداربووم كە لەم ماوەی پێشودا بەرێوەبەرایەتی رۆشنبیری بەشی سینەما نمایشی كرد لە دەرهێنانی ڕێكار بەرزان بوو، هەروەها لە ماوەی خوێندنیشدا بەشداری چەندین كاری ئەزمونیم كردووە، بەڵام سەرباری نەخۆشیم ئەمساڵ لە دووهەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی بەرامبەر بە ژنان بەشداری شانۆیی سەرشەقامم كرد بە ناوی (مردن لە چوار وەرزدا) لە نوسینی بەیان ئەحمەد و دەرهێنانی خەرمان هیرانی بوو” بەیان زەریفی پرۆژەی نوێی ئاشكرا كردوو ووتی” لە ئێستادا لەگەڵ كۆمەڵەی رۆژ سەرقاڵی پرۆڤەی شانۆگەریەكین بۆ مانگی سێ بە هیوام كارێكی باش ئەنجام بدەین”. لەلایەكیترەوە بەیان زەریفی خەون خولیای بۆ سینەما باس كردوو ووتی” خەونی من بەژداری كردنمە لە فیلمێكی سینەمایدا كە لە ئاستی سینەمای جیهاندابێت و بتوانێت وەك سینەمای كوردی لە فێستیڤاڵە جیهانیەكاندا بەشداری بكات ئەگەر دەرهێنەرەكان ئێمە بدۆزنەوە و لە بیر نەكرابین”.
ئا/ عەتا حەمەساڵح