ماوەی پێنج ساڵە دەستی بە کاری فۆتۆگرافی کردووە و تا ئێستا بەشداری 14 پێشانگای هاوبەش و یەک پێشانگای تایبەت بەخۆی کردووە ئێستا لەرێگای ئۆنلاینەوە لە پەیچەکانییەوە کارەکانی ئەنجامدەدات.
هەنار حسێن کە کچە فۆتۆگرافەرە تاقانەکەی هەڵەبجەیە و کاری فۆتۆگرافی دەکات بۆ ژیانەوە وتی:»لە ساڵی ٢٠١٧ دەستمکردوە بە کاری فۆتۆگرافی سەرەتا بە وێنەی سروشتی دەستمپێکرد و تا ئێستاش بەشداری ١٤ پێشانگای ھاوبەشم کردووە و یەك پێشانگای تایبەت بە خۆمم هەیە و سوپاس بۆ تاقیگە لاس کە ھەمیشە ھاوکارمن بۆ کارەکانم».
هەنار مامۆستای زمانی ئینگلیزییە لە خوێندنگای ( شەن )ی بنەڕەتی کچان لە پارێزگای ھەڵەبجە و دەڵێت:» راستە من کاری فۆتۆگرافی وەك حەز و خولیا دەکەم، بەڵام بە دڵنیاییەوە سەرچاوەیەکی باشی بژێوییە کە لە ڕێگای داھاتەکەیەوە پێداویستییەکانی فۆتۆگرافی دەکڕم هەروەها زیاتر کاری وێنەگرتن بۆ بۆنەکانی لەدایکبوون و مارەبڕین و گواستنەوە ئەنجامدەدەم».
سەبارەت بە هەڵبژاردنی کاری فۆتۆگرافیش هەنار وتیشی:» حەز و خولیام هەبوو لە کاری فۆتۆگرافیدا کە ئەوە هۆکارێکی سەرەکی بوو هەروەها لە ھەڵەبجەدا ژنی کەمی تێدایە کاری فۆتۆگرافی بکات کە بە پەنچەی دەست دەژمێرێن، یان زۆر کەس حەزی لێیە لەگەڵ کچ وێنە بگرێت، چونکە ھەست بە ئاسودەی زیاتر دەکات».
ئەو بە ژنان و کچان دەڵێت، ئەگەر حەز و خولیایان لە هەرکارێک بێت ئەنجامی بدەن، راستە سەرەتای ھەموو کارێك قورسە، بەڵام پێویستە کۆڵنەدەر بیت تا بەو ئاواتەکەت دەگەیت.
هەنار دەڵێت: بەشداری چەندین خول و راهێنانم کردووە، سەرەتا مۆستا ھەڵۆ جەباری زۆر هاوکاری کردم، دواتر کۆمەڵەی وێنەگرانی کوردستان لقی ھەڵەبجە و رێکخراوی کوردستان فۆتۆ هاوکارم بوون کە ئەندامم لەو کۆمەڵەیەدا، هەروەها سوپاسی ھەموو ئەو کەسانە دەکەم کە ھاوکارم بوون ئەگەر بە شتێکی بچوکیش بێت».
«ھەموو کارێك قورسای خۆی ھەیە، بەڵام ھەر کەسێك لە دڵییەوە کاربکات قورس نییە من رێگریم لێنەکراوە بە پێچەوانەوە ھاوکارم بوون، ماڵەوەمان هاوکارم بوون بە تایبەت میدیای خوشکم کە زۆر جار بۆ زۆربەی کارەکانم لەگەڵم بووە» هەنار وادەڵێت.
ھەنار حسێن لە دایكبووی 17-7-1985 -ە قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی و زانکۆ و پەیمانگاشی لە ھەڵەبجە تەواوکردوە.
ئا: کۆچەر