ئا/ سەیران محەمەد
جوان رۆلینگ ئەو ژنەی بەهەژاری لە دایكبوو، زۆر بەناخۆشی ژیا، ئارامی نەناسی، بەڵام لە ساتەوەختێكدا ئلهامی نوسین تەواوی سەرگوزشتەی ژیانی گۆڕی و بەنوسینی رۆمانی هاری پۆرتەر بووە بەناوبانگترین ژنی دنیا و سەركەوترین ژن لە ژیاندا.
جوان ڕۆلینگ لە ساڵی ١٩٦٥لە باشوری ڕۆژئاوای ئینگلتەرا لە دایكبووە. باوكی ئەندازیاری فرۆكەوانی بوو. كچی گەورەی ماڵەكەیان بوو، دایكی بەهۆی نەخۆشیەوە دەیناڵاند، ئەوەش كاریگەریەكی نەرێنی لەسەر دروستكرد.هەر لە مناڵییەوە ئارزووی گێرانەوەی چیرۆكی هەبوو. تاوای لێهات لە تەمەنی شەش ساڵییەوە توانی یەكەمین چیرۆك بنوسێت و ناوی لێنا ( كەروێشك ).
پاش تەواو كردنی خویندنی سەرەتایی و ناوەندی بۆ تەواوكردنی خوێندنی ئامادەیی دەیویست بچێتە زانكۆی ئۆكسفۆرد. بەڵام لە تاقیكردنەوەكەدا دەرناچێت بۆیە دەچێتە زانكۆی ئێكستەر لە بەشی زمانی فەرەنسی و ئەدەبی كلاسیك دەخوێنێت. دەبێتە خاوەنی بروانامەی بەكالۆریۆس.
دواتر لە سالی ١٩٨٦ دەچێتە لەندەن بۆ ئەوەی بە دوای كاردا بگەرێ. ڕۆلینگ سەرەتا وەك سكرتێرێك دەست بەكار دەبێت . دواتر دەچێتە پرتوگال و لەوێ ژیانی هاوسەری پێكدەهێنێت دەبێتە خاوەنی كچێك بە ناوی جێسیكا. بەڵام دوای ماوەیەك لە هاوسەرەكەی جیادەبێتەوە. بەهۆی ئەوەی توندووتیژی بەرامبەر دەكات. ئەوەش ئەزمونێكی سەخت دەبێ لە ژیانیدا. بریار دەدات بگەرێتەوە لەندەن . لەو كاتەدا هەواڵی مردنی دایكی پێدەڵێن. هەموو ئەو رووداوانەش دەبنە هۆی ئەوەی بەتەواوتی ڕۆلینگ بروخێت . ڕۆلینگ لەگەڵ خوشكەكەیدا دەستدەكەن بە ژیان كردن و بەردەوامیش بە دوای كاردا دەگەرێن.
بیرۆكەی ڕۆمانی هاریپۆتەر بە شێوەیەكی زۆر ڕێكەوت دێت بەمێشكیدا. لە یەكێك لە چاو پێكەوتنەكانیدا ئاماژە بەوە دەدات لە كاتی گەرانەوەی بۆ لەندەن كە لە نێو شەمەندەفەرەێكدا بووە و ئەو بیرۆكەیەی بۆ هاتووە لەوكاتەدا قەڵەمی پێ نەبووە كە بیرۆكەكە بنوسێت.
بەڵام بۆ ماوەی چوار كاتژمێر هەوڵ دەدات هەموو بیرۆكەكە لە مێشكیدا بهێڵێتەوە تا دەگاتە ماڵەوە لەوێ دەست بە نوسینی دەكات. پاش نوسینی ناوی پەرتوكە نوێیەكەی دەنێت ( Harry Potter and the philosopher s stone ) بەڵام هیچ لایەنێك یارمەتی نادات لە بڵاوكردنەوەی دواتر دوای چەندین هەوڵی بەردەوام و چەندینجار رەتكردنەوە. لە كۆتایدا سەرۆكی یەكێ لە چاپخانەكان ڕازی دەبێت، بەڵام بە مەرجێك تەنها سەرەتایپیتەكانی ناوی بنوسرێت چونكە لەو سەردەمەدا هیچ كەسێك رۆمانی نەدەكری كە ژنێك نوسیبێتی، دوای بڵاوبوونەوەی ڕۆمانەكە بە شێوەیەكی بەرچاو و چاوەروان نەكراو هەموو لە بەگیراوەكانی فرۆشرا ئەویش دەستدەكات بە نوسینی زنجیرەیتری بەو شێوەیە كۆی گشتی پەرتوكەكانی دەگاتە (٧ ) پەرتوك دواتر پێشنیاری ئەوەی بۆ دەكەن بیكاتە فیلم هەشت زنجیرەی لێبەرهەم دەهێنرێت بەهۆی ئەوەی حەوتەمین پەرتوك دەكرێت بە دوو زنجیرەی جیاواز بەو شێوەیەش ئیمپراتۆریەتی ( هاری پۆتەر ) دروست دەبێت بەتەنها پەرتووكەكەی ( ٣٠٠ ) ملێۆنی لێدەفرۆشرێت ڕۆلینگیش دەبێتە یەكێك لە سەركەوتووترین و دەوڵەمەندترین رۆمان نوسەكانی سەردەمی خۆی.