قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكیدا دەربارەی گیان لەدەستدانی شنیار هونەر ئەو ژنەی لە سلێمانی هاوسەرەكەی سوتاندی رایگەیاند، شنیار تەنها تاوانی ئەوە بوو ژن بوو.
قوباد تاڵەبانی لە پەیامێكدا نوسیویەتی، شنیار هونەر تەنیا تاوانی ئەوە بووە كە ژن بووە، نیگەرانن كە هێشتا لە كۆمەڵگەیەكدا دەژین پیاوانێك هەن وابیردەكەنەوە كە هەڕەشە، ئازاردان و كوشتنی ژنان ئاساییە.
لە پەیامەكشدا هاتووە، ئەركی ئێمە تەنها گرتن و سزادانی ژنكوژان نییە، بەڵكو وەك كۆمەڵگا پێكەوە بە پیر و گەنج، حكومەت و كۆمەڵگای مەدەنی، دادگا و مزگەوتەكان، بە یەك دەنگ بڵێین بەسە، چی دی جێی قبوڵ نییە و كاتی كۆتاییهێنانە بە كلتوری ژن كوشتن.
شنیار هونەر دانیشتوی شاری سلێمانی بوو، دوای ئەوەی لە لایەن هاوسەرەكەیەوە دەسوتێنرێت بە هۆی زۆری رێژەی سوتاویەكەیەوە لەدوای 5 رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەمە گیانی لە دەستدا.