ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

كچێك ماڵی خۆیان دەكاتە كارگەی بەرهەمهێنانی قارچك

شیما كە یەكێك لە خوێندكارە دەرچووەكانی پەیمانگەی كشتوكاڵی بەكرجۆ لە پاش تەواو كردنی خوێندن لە نێو ماڵەكەی خۆیدا كارگەیەكی بەرهەمهێنانی قارچك دادەمەزرێنێت.

شیما حمداللە ئەورحمان لە پاش تەواوكردنی خوێندن گەشە بە بواری پسپۆڕییەكەی خۆیدەدات كە بەشی كشتووكاڵی داپۆشراوە و لە ناحیەی بازیان و لە ناو ماڵی خۆیاندا پرۆژەی بەرهەمهێنانی قارچكە دامەزرێنێت و دەبێتە سەرچاوەیەكی باشی بژێوی ژیانی.

لەدیارێكی تایبەتی تۆڕی میدیای تەواردا باس لە ئەزموونی خوێندن و كاریگەری لەسەر كارەكەی دەكات و دەڵێت” بیرۆكەی ئەم كارەم لەو كاتەوە بۆ دروست بوو كە لە وانەكاندا باسی قارچك دەكرا زۆر ئارەزووم بوو كارێكی لەوچەشنە بكەم، بۆیەش قارچكی سەدەفیم هەڵبژارد چونكە سپۆرەكەی لە كوردستان هەیە”. هەروەها وتیشی” بێجگە لە خوێندنیش بەردەوام لە ئینتەرنێت بە دوای زانیاری زیاتردا ئەگەرام و لە كۆتایدا سپۆری قارچكی سەدەفیم كڕی و لەساڵی 2019 لەماڵەوە تاقیكردنەوەم كرد لە سەری و تاقیكردنەوەكەم سەركەتووبوو. هەربۆیە هەمان ساڵ دەستمكرد بە كارەكە و تاوەكوو ئەمڕۆ بەردەوامم لەو كارەم”.

شیما لە بارەی چۆنێتی بەرێوەبردنی كارگەكەیەوە ووتی” جێبەجێكردنی هەموو كارەكان لەم پرۆژەیەدا خۆم و خێزانەكەم ئەنجامی ئەدەین وەك ئاودان و خزمەتكردنی كیسەكان و دانانی سپۆر لە ناو كیسەكان، هەموو پرۆسەكانی دیكە كە بۆ پرۆژەكە گرنگن، هیچ كەسێك هاوكاری نەكردووین، بەڵام لە ڕوی بیرۆكەو دانانی پرۆژەكەوە لە سەرەتای دەستپێكردنم خێزانەكەم و مامۆستاكانم زۆر هاوكاری و پشتگیرم بوون”.

شیما وەك كچێك باسی ئەو گیروگرفتانە كرد كە لە ئەنجامدانی ئەم پرۆژەیەدا هاتۆتە رێگەی وەك خۆی ووتی” وەكوو هەموو كچێك كە لە سەرەتاوە دەست بەكاركردن ئەكات منیش توشی كێشە و گرفت بوومەتەوە چونكە لە كۆمەڵگەی ئێمە كاركردن بۆ كچ كەمێك قورسە. هەروەها ئەم كارەی منیش ئەیكەم لە راستیدا بۆ كچ قورسە چونكە ئیشێكی كشتوكاڵییە، بەڵام لە بەر ئەوەی خۆم حەز و خوڵیام زۆرە بۆ كارەكەم و بە ئارەزووی خۆم دەستمپێكردووە ئەوە وایكردووە كە كارەكەم لائاسان بێت چونكە چەند پرۆسەیەكی كشتوكاڵی تێدایە كە وەك كچێك بۆمن قورس بوو، بەڵام باوك و براكانم هاوكارم بوون و سەركەوتنم بەدەستهێنا”.

دەربارەی فرۆشتنی بەرهەمەكەی و كریارەكانیشی ووتی” بەرهەمەكانمان لەلایەن هاولاتیان و كریارەكانەوە زۆر بە باشی پێشوازی لێدەكرێت خواستێكی باشی لە سەرە هەركەسێك تەنیا یەكجار كڕیبێتی دواتر سەردانی كردومەتەوە و بەرهەمەكەی بردۆتەوە، بۆیە ئەتوانم بڵێم ئەمە هۆكارێكە بۆ ئەوەی بەرهەمەكەم بە ئاسانی ساخ بێتەوە”.

لەلایەكیترەوە باسی لەوەشكرد كە بەرهەمەكی ساڵانەنیە و وەرزییە وتیشی” لەبەر ئەوەی لەماڵەكەی خۆمدا كاردەكەم نەمتوانیوە پێداویستیەكان بەتەواوی دابین بكەم بۆیە بەرهەمەكەم وەرزییە، بۆ نمونە وەرزی پایز گونجا و لەبارە بۆ ئەو جۆرە قارچكە بۆیە بە نزیكەی هەر مانگێگ ٨٠-١٠٠ كیلۆ قارچك بەرهەمدێت و بەپێی لە باری كەش و هەواش ئەوبرە ئەگۆرێت بەداخەوەش ئەم زستانە بەهۆی ساردی كەش و هەواوە هیچ بەهەمێكم نەبوو”. لە ئێستادا شیما گرنگی بەوە نادات پەنا بۆ موچە بەرێت و خاوەن كارێكی تایبەتی خۆیەتی و تەنها ئومێدی ئەوەیە گەشە بەكارەكەی بدات و لە كارگەیەكی بچوكەوە بیكاتە كارگەیەكی گەورەی بەرهەمهێنانی قارچك.

ئا/ پروشە فەیسل

هاوشێوە

ڤیدیۆ