مەلەوانی خولیایی منداڵی بووەو زۆر ئارەزوی كردوە فێری مەلەوانی بێت، لە ساڵی ٢٠١١ كە قۆناغەكانی خوێندنی تەواو كرد بەشداریی لە خولی فێربوونی مەلەوانیدا كردوەو هاوكات لەگەڵ ئەو خولەشدا بۆ ماوەی ١٥ رۆژ بەردەوام سەیری ڤیدیۆی فێربوونی مەلەوانی كردوە تاوەكو ئەو كاتەی توانای مەلەكردنی بەتەواوی باش بووە، ئەگەرچی هەڵەشی هەبووە، بەڵام بەهەوڵەكانی خۆی توانیوویەتی بگاتە ئەو ئاستەی كە ئێستا هەیەتی.
خاتوو شایی ئومێد لەساڵی (2014-2015)ەوە لە مەلەوانگەكان وەك راهێنەری مەلەوانی دەكاتو تائێستاش بەردەوامە و خولی فێربوونی مەلەوانی ئەكاتەوە بەتایبەت بۆ منداڵانی تەمەن ٦-١٥ ساڵ.
(شایی ئومێد)ی تەمەن 31 ساڵ بۆ تۆڕی میدیایی تەوار وتی: “مەلەوانی سوودی زۆرە بۆ هەموو ڕەگەزەكان بە تایبەتی ژنان، لەرووی تەندروستییەوە سودی بۆ نەخۆشییە دەروونییەكان هەیە، كە مێشك و جەستە ئارام ئەكاتەوە، بۆ نەخۆشییەكانی فەقەرات و ئینزیلاق و سەوەفانیش زۆر باشە، زۆربەی پزیشكەكان وەك چارەسەرێك بۆ نەخۆشەكانیان رێنماییان ئەكەن كە مەلە بكەن، بۆیە خەڵكێكی زۆر سەردانی مەلەوانگەكان ئەكەن”.
وتیشی: “زۆرێك لەپزیشكەكانی ئەو نەخۆشییانە پێش ئەنجامدانی نەشتەرگەری، رێنمایی نەخۆشەكان دەكەن بچنە هۆڵەكانی وەرزش یان مەلە بكەن، چونكە ئەگەر مەلەكردن سودی لێبینراو چارەسەری نەخۆشییەكەی كرد، ئەوا نەشتەرگەرییەكەی بۆ ئەنجام نادەن”.
شایی پێیوایە كە راستە چارەسەری نەخۆشی لەرێگەی مەلەكردنەوە درەنگ ئەنجامەكەی دەردەكەوێت وەك لە نەشتەرگەریی، بەڵام “مەلەكردن چارەسەرێكی زۆر باشە، بۆ نموونە ژن هەیە فەقەراتی هەیەو مەلەوانیش نازانێت، بەڵام لەناو ئاوەكەدا هاتووچۆ ئەكاتو ئەڵێ سوودی زۆری لێئەبینمو گەر ماوەیەك نەیەم ئەوا ئازارەكەم زیاد ئەكاتەوە، ئەمە جگە لەوەی مەلەكردن سوودی زۆری بۆ ژنانی دوو گیان هەیە”.
شایی لەبارەی مەلەكردنی ژنانی دووگیانەوە دەڵێت: “گەر ژنێك مەلە بزانێتو بیەوێت لەسەرەتای دوو گیانیدا مەلە بكات، ئەوا هیچ كێشەیەكی نییە بەمەرجێك بە دروستی ئەنجامی بدات، بەڵام بۆ ژنێك كە مەلە نەزانێت، ئاساییە تەنها هاتووچۆ لە ئاوەكەدا بكات، بەڵام بەهیچ جۆرێك ژنانی دووگیان نابێت هیچ خۆهەڵدانێك یان هەر جوڵەیەكی مەترسیدار ئەنجامبدات”.
شایی ئەوەش ئاشكرا دەكات كە مەلەكردن ئەگەر یاساكانی جێبەجێ نەكرێت، ئەوا زیانی دەبێت، لەوبارەیەوە وتی: “مەلەوانی جگە لەسود، چەند زیانێكیشی هەیە ئەگەر هاتوو یاساكانی مەلەوانگەكان جێبەجێ نەكرێت، یاساكانیش بریتیین لەوەی كە پێش چونە مەلەوانگە قاچ تەعقیم بكرێت و (دوش) بەكاربهێنرێتو جل و كڵاوی تایبەت بە مەلەوانی لەبەربكرێت، گەر یەكێ باش مەلە بكات، یەك كاتژمێری بەسە، بەڵام ئەگەر سێ كاتژمێریش لە مەلەوانگە بێت و هیچ نەكات، ئەوا زیانی پێدەگات، دوای تەواو كردنی مەلەش وا باشترە بچیتە جاكوزییەوە پاشان (دوش)ێك بكرێت و بچیتە ژووری هەڵم، دوای ئەوەش ئاوێكی سارد بكرێت بە لەشدا بۆ ئەوەی كونیلەكانی پێست دابخرێتەوە”.
ئەو راهێنەرە رێنمایی هەموو كەسێك دەكات كە وا پێویستە لە هەفتەیەكدا (2-3) جار مەلە بكات.
باسی لەوەشكرد كە : “كاتی فێربونی مەلەوانی لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە ئەگۆرێت، بۆ نمونە كەسی وا هەیە بە ٥ رۆژ زیاتر یان كەمتر فێردەبێت، بەڵام ئەمانە بۆیان نییە كاربكەن لە مەلەوانگەكان، چونكە مۆڵەتی كاركردن لە لیژنەی ئۆلۆمپی و یەكێتی مەلەوانی بریاری لەسەر ئەدات”.
شایی ئاماژەی بەوەشكرد كە خانمان ئێستا بە شێوەیەكی بەرچاو سەردانی مەلەوانگەكان ئەكەن.
وتیشی: “ئەنجامدانی هەموو كارێك لەسەرەتادا قورسی خۆی هەیە، بەڵام ئەگەر كەسێك خولیاو ئارەزووی هەبێت و كارەكەی خۆشبوێت ئاسان ئەبێت لای”.
ئا: پروشە