ئەمڕۆ لەشارۆچكەی تەقتەق تەرمی كچە خوێندكارێكی پەیمانگەی تەكنیكی كۆیە گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی شارۆچكەكە.
نەقیب هەرێم دڵشاد، بەرپرسی بنكەی پۆلیس تەقتەق بەتۆڕی میدیایی تەواری راگەیاند: ئاگادار كراینەوە ژنێك بەخنكێنراوی گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی گشتی تەق تەق.
وتیشی: “بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان، ئەو كچە ناوی (ف. ئـ)ەو تەمەنی 20 ساڵە و دانیشتوی تەقتەقە و خوێندكاری پەیمانگەی تەكنیكی كۆیەیە”.
نەقیب هەرێم باسی لەوەشكرد كە : “بەقسەی كەسوكارەكەی، كچەكە خۆی كۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە”.
ئاماژەی بەوەشدا كە : “تەرمەكەی ڕەوانەی پزیشكی دادی كۆیە كراوەو لێكۆڵینەوە بەردەوامەو ئێمە سەردانی شوێنی رووداوەكەمان كردوە لە ماڵەكەی خۆیاندا روویداوە، دوای توێكاری دەزانرێت كە ئایا خۆی خنكاندوە یان كوژراوە”.
بەرپرسی بنكەی پۆلیسی تەقتەق وتیشی: “لەئێستادا پەڕاوی بۆ كراوەتەوەو هێشتا كەس دەستگیر نەكراوە و سكاڵایان تۆمار نەكردوە، ئێمە بەردەوامین لە لێكۆڵینەوە”.