ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

هەشتی مارس ڕۆژێک بە ڕەنگی ژیان

ئایا تۆ ڕۆژێک لە ڕۆژان بیرت لەوە کردۆتەوە، کە ڕۆژی ژنان دەکەوێتە سەرەتای مانگی ئادارەوە و سەرەتای مانگی ئاداریش لە هەموو ساڵێکدا بریتییە لە سەرەتای بوژانەوە و زیندوبونەوە و ژیانەوە. کەچی ژنان خۆشیان سەرچاوەی ژیان و بوژانەوە و گەشاندنەوەی دنیا و ژیانی مرۆڤایەتین!

ئەگەرچی ژنان لە هەموو چرکەسات وکاتەکانی ژیاندا شایانی ڕێزلێگرتن و ستایش کردنن، ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان ڕۆژێکی ناو ساڵنامەی جیهانی وەک ڕۆژی ژنان ناساندوە و ساڵانە ڕێز لە گەڕانەوە و یادکردنەوەی ئەو ڕۆژە دەگیردرێت.
لە ساڵی ١٩٧٧ دا کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان داوای کرد، کە لە پێناوی ئاستیی جیهانی و بۆ ڕێزگرتن لە مافەکانی ژنان، یەکێک لە ڕۆژەکانی ساڵ وەک ڕۆژی جیهانیی ژنان دیاری بکرێت و بناسرێت. هەر لە ئەو بۆنەیەدا ئەم ڕێکخراوە وەک بەشێک لە نەریتە مێژوویی و نیشتمانییەکانی خۆی، ئەو ڕۆژە بچەسپێنێت. ئەم کۆمەڵەیەی دەوڵەتان داوای لە دەوڵەتانی ئەندام کرد، کە بە هەموویان دەستپێشخەری و بەشداری بکەن، لە ڕەخساندنی هەلومەرجی لەبار بۆ نەهێشتنی کۆی ئەو هەڵاواردنانەی کە لە دژی ژنان پیادەدەکرێن، بۆئەوەی جۆرێک لە بوژاندنەوە لە ژیانی گشتیی ژناندا ڕووبدات و ئەو ڕەگەزە گرنگەی ناو تەواوی کۆمەڵگاکان بتوانێت چالاکانە ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و ئابوریی خۆیی ببینێت و بتوانێت پێ بەپێی پیاوان بەناو ڕاڕەوەکانی ژیاندا گوزەر بکات و بون و مانی خۆی بسەلمێنێت. ئەم هەنگاوەی نەتەوەیەکگرتوەکان لەپاش ئەو دەستپێشخەرییەوە هات، کە ساڵی (١٩٧٥) وەک ساڵی جیهانیی ژنان ناسێندرا و دەساڵی پاش ئەوەش واتە لە (١٩٧٦ بۆ ١٩٨٥) ناونرا دەیەی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ ژنان، ڕێکخراوەکەش ئەم دوو هەنگاوەی خۆیی بە فەرمی ڕاگەیاند. بۆیە ئەم ڕێکخراوە جیهانییە لە ساڵی ١٩٧٥ بەدواوە هەموو ساڵێک لە بۆنەی هەشتی مارسدا ئاهەنگ بە بۆنەی گەڕانەوەی هەستی مارسەوە دەگێڕێت. بۆ هەر ساڵێکیش دروشمێکی سەرەکی بۆ یادەکە دادەنێت و لە ژێر ئەو دروشمەدا کار و چالاکیی زۆر ئەنجام دەدرێت. بۆ نمونە لە ساڵی (٢٠١٢) دا کۆمەڵەی گشتی دروشمی (شیاندنی ژنی لادێ، بۆ کۆتاییهێنان بە نەداری و هەژاری)ی بەرزکردەوە. بۆ ئەم دروشمە لە ساڵی (٢٠١٣) دا تەرکیز خرایە سەر مەسەلەی ئەو توندوتیژییانەی کە دەرحەق بە ژنان ئەنجام دەدرێن، بۆیە دروشمەکەیان گۆڕی بە(بەڵێن، بەڵێنە: کاتی ئەوە هاتوە بەڵێن بدەن کۆتایی بە توندوتیژیی سەر ژنان بهێنن).

لە ئەم ڕۆژ و بۆنەیەدا، کە وەک خاڵێکی جیاکەرەوە و وەرچەرخانی ناو مێژووی ژنان و خەباتی ئەوان لە پێناوی مافەکانیاندا دەناسرێت، هەندێک لە وڵاتان ڕێز لە توێژی ژنان دەگرن، شانازی بە هەر پێشکەوتنێکەوە دەکەن، کە ژنان لە هەر کایەیەکی ژیاندا بەدەستیان هێنابێت، بۆئەوەی ئەم یادهێنانەوەیە ببێت بە پاڵنەرێک بۆ هەستاندنەوەی ڕەوش و بارودۆخی ژنان و مسۆگەرکردنی گەیشتنیان بە مافەکانیان و پشتگیریکردنیان بۆ بەدەستهێنانی کایەیەکی باش بۆ بەشداریکردنی ئەوان لە ژیانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و کلتوریدا. هەروەها بۆ وەستاندن و ڕاگرتنی هەموو جۆرە هەڵاواردن و توندوتیژییەکی سەریان.

هەر لەم ڕۆژەدا خودی ژنانیش لە زۆر شوێنی دنیا کۆڕ و کۆبونەوە و سیمینار و دیداریان دەبێت، لە هەلومەرجی خۆیان و کۆسپ و ڕێگرییەکانیان دەکۆڵنەوە، پەنجە دەخەنە سەر ئەو خاڵانەی کە وەک پرەنسیپ کۆسپ و لەمپەر دەخەنە بەر هەنگاوەکانی ژنان. هەر لەم بۆنەیەدا پێداچونەوەشیان بە هەلومەرجی کارکردنی خۆیاندا دەبێت و جارێکی تریش سەیری ئەوە دەکەنەوە، کە کام ئامانجیان لە ئەو قۆناغە مێژووییەدا بکەن بە سەرمەشق و پێشەنگی کارکردنی خۆیان.
(میکال شەڤارتس) نوسەرێکە بەشێوەیەکی گشتگیر باسی لە ڕەگ و بنەمای هۆکارەکانی هەڵبژاردنی ڕۆژی هەستی مارسی وەک ڕۆژی جیهانیی ژنان کردوە. ئەم نوسەرە دەڵێت کە لە ساڵی (١٩١٧) دا سەدان هەزار ژنی ڕووسی پێکەوە ڕژانە سەر شەقامەکان، ناڕەزاییان دەربڕی لە دەستی ئەو چەوساندنەوە و مافخوراویەیان، کە وای لێکردبون هەمویان یان زۆربەی هەرە زۆریان نەخوێندەوار و چەوساوە و سەرکوتکراو بن. ئەو ڕۆژگارە ئەو ژنانە توانییان ڕاڕەوی سوڕانەوە خولگەی مێژوو بگۆڕن، ئەوەبوو لە شاری (پێترۆگراد) ی ڕووسیدا ڕژێمی کەیسەرییان ڕوخاند وئاراستەی مێژویان گۆڕی. ئەو ڕێپێوان و خۆپیشاندانانەی ژنانی کرێکار و بێوەژنی سەربازە کوژراوەکان ڕێکیان خستبوو. بۆئەوەی داوای نان بکەن بۆ منداڵە برسییەکانیان، بۆئەوەی فشار دروست بکەن، کە ئەو مێردانەیان، کە ماون لە سەنگەری شەڕە ناحەقەکانەوە بگەڕێندرێنەوە بۆ ماڵەوە و بە ناحەق بەکوشت نەدرێن، جەختیان لەسەر ئەوە دەکردەوە، کە دەبێت شەڕی هەڵگیرسێندراو بە زوویی بوەستێندرێت. ئەو خۆپیشاندانە چوار ڕۆژەییە بوە هۆی ڕوخاندنی قەیسەر نیکۆڵی دووەم، لە پاش ئەوەوە حکومەتێکی کاتی هاتە سەر کار، کە ڕاستەوخۆ ددانی نا بەوەدا، کە دەبێت ژنانیش مافی دەنگدانیان هەبێت. ئەو ڕوداوانە بە ڕوداوەکانی ڕۆژی ٢٩ی شوبات ناسراون، بەڵام دوایی، کە شۆڕشی سۆشیالیستی لە ئەو وڵاتەدا بەرپاکرا، ڕۆژی ٢٩ی شوبات گۆڕدرا بە (٨)ی مارس، لەبەرئەوەی ٢٩ ی شوبات مێژوویەکە، کە دووبارەبونەوەی ساڵانەی نییە و هەر چوار ساڵ جارێک دووبارە دەبێتەوە. ئەمە لە یەکێتیی شورەوەی بە ئەوشێوەیە بوو. بەڵام لە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکادا ڕەگەکانی ئاهەنگ گێڕان بە ڕۆژی جیهانیی ژنانەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدە، ئەوکاتە و لە ئەو ساڵانەدا هەندێک بزوتنەوەی کرێکاری پەیدا بوون، کە داوای باشترکردنی هەلومەرجی کارکردنیان دەکرد، چونکە شۆڕشی پیشەسازی بەرپا بوبو، پێویستیی زۆر بە دەستی کرێکار هەبو و کرێکاران زۆر دەچەوسێندرانەوە. بۆیە چینی کرێکار بە ژن و پیاوەوە داوای ئەوەیان دەکرد، کە هەردوو ڕەگەزەکەی چینی کرێکار مافی دەنگدانیان پێ بدرێت. ئەمجا لەبەرئەوەی کە زۆربەی کرێکارانی کارگەکانی ڕستن و چنین لە ژنان بوون، ئەم ژنە کرێکارانە توانییان بە خەبات و فشاری شۆڕشگێڕانەی خۆیان سەعاتەکانی کارکردنی ڕۆژانە کەم بکەنەوە، جارێک بۆ دە سەعات و جارێکی تریش بۆ هەشت سەعات. کەواتە دەبێت ئەوەمان لەیاد بێت، دیاریکردنی هەشت سەعات کارکردن لە ڕۆژێکدا بەرهەمی خەباتی کرێکارانی ژنە. بۆیە لە ساڵی ١٨٨٦ بەدواوە، کە ئاهەنگ بۆ ساڵیادی یەکی ئایار ساز دەکرا، جەخت لەوە دەکرایەوە، کە سەعاتەکانی کارکردن لە ڕۆژێکدا بە هەشت سەعات دیاری بکرێت.

بە نزیکەی پێنج دەیەیەک پاش ئەوە و لە ڕۆژی (٨/٣/١٩٠٨) دا نزیکەی ١٥٠٠٠ ژنی کرێکار لە ناو شاری نیویۆرکدا خۆپیشاندان و ڕێپێوانێکیان ساز کرد داوای کەمکردنەوەی سەعاتی کارکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی ژنانی کرێکاریان کرد، داوایان کرد، کە ئیش بە منداڵان نەکرێت، مافی دەنگدان بدرێت بە ژنان. دروشمی ئەم خۆپیشاندانە بریتی بوو لە (نان و گوڵ).

لە ڕۆژێکی ساڵی (١٩٠٩) دا نزیکەی ٢٠ تا ٣٠ هەزار ژنی کرێکاری کارگەکانی چنین مانگرتنێکیان ڕاگەیاند، کە لە زستاندا نزیکەی ١٣ حەفتە بەردەوام بوو، ئەمانیش داوای باشترکردنی هەلومەرجی ژیان و کارکردنیان کرد.

ئەمانەی تائێرە باسکران، خەباتی ژنانی سەر بە چینی کرێکار بوون، بەڵام لە ناو ژنانی سەر بە چینی ناوەڕاستیشدا خەباتکردن و بزوتنەوەیەکی سیاسییانە پەیدابوو، کە داوای ئەوەیان دەکرد دەبێت ژنانیش بەشداری بکەن لە ژیانی سیاسیدا. ئەم بزوتنەوەیە ناوی خۆیانیان نا (سۆفراجیستس- Souffragists) و خەباتیان لە دژی بە کۆیلەکردن بوو، داوای مافی ئەو خەڵکە ئەمریکییانەیان دەکرد، کە ڕەچەڵەکی ئەفریقییان هەبوو. بەڵام بە ماوەیەکی کەم پاش پێکهاتن و دروست بونی ئەم ڕێکخراوە، مافی گوتاردانیان لە هەموو ژنە خەباتکارەکانیان قەدەغە کرد.

هاوشێوە

ڤیدیۆ