ژنان لە زۆربەی زۆری كارگەو شوێنە گشتییەكاندا كاردەكەن، لەپێناو خزمەتكردنی نیشتمان وبەدەستهێنانی بژێوی ژیانیان، لێرەش رۆژنامەی ژیانەوە چیرۆكی ژیانی كاركردنی دووژن دەگێڕێتەوە كە بەهێزوبازویان سلێمانی رووناك دەكەنەوە.
نیگار سەبور عزیز، دەرچووی بەشی كارەبا لە پەیمانگای تەكنیكی، فەرمانبەرە لە وەرشەی چاككردنەوەی محاویلە لە سلێمانی، باس لە ئەرك و كارەكانی و ئەستەنگەكانی بەردەمی دەكات.
دەربارەی سەرەتای دەستپێكردنی كارەكانی لە وەرشەی چاككردنەوەی محاویلە نیگار سەبور دەڵێت ” لەبەشی چاككردن كاردەكەم، ڕۆژانە كە محاویلە لەكاردەكەوێت، دەگاتە دەستمان ئەگەر سوتاو بێت یان تێكچووبێ، سەرەتا هەڵدەستین بەكردنەوەی و دواتر كۆیلەكانی لەف دەكەمەوە، پێویست بكات ڕۆنی دەگۆڕم، دواتر پشكنینی بۆ دەكەم ودەینێرمەوە، چونكە خۆم دەرچووی كارەباشم كارەكەم خۆشدەوێت، خۆشمی بۆ ماندوو دەكەم بەردەوامیش هەوڵدەدەم زانیاری نوێ و زیاتر لەسەری پەیدابكەم، هەوڵدەدەم جێدەستم دیاربێت لەوئیشەی كەدەیكەم”
دەربارەی كێشەوگرفتەكان کە رووبەڕووی دەبێتەوە نیگار سەبور دەڵێت ”بەدڵنیاییەوە كاركردن لەگەڵ محاویلە، قورسە و كێشەوگرفتی هەیە، كێشی زۆرە، گەورەیە و زۆریش قورسە ئاسان نییە، ئێمە ئامێری كۆسەرە بەكاردەهێنین بۆ بڕین و لەحیم كردن، زۆرجار رووداوی وا روودەدات دەست و پەنجەمان دەبڕین، بریندار دەبێت، بەڵام زۆر بەوریایی و ئاگاییەوە مامەڵەی لەگەڵ دەكەین، چونكە راستی كارەكەمان قورس ومەترسییە و بەدەگمەن ژنان لەبواری كارەباو كۆسەرە کاردەکەن.
یەكێكی تر لەكێشەكان لەكاتی لەحیمكردن پریشكت بەردەكەوێت و كاتێكیش تەلەكانی كۆیلەكان بە كۆستەرەكە بریندار دەبین ورۆژانە بەكارهێنانی چەكوش و پلاستیك وكەتەر نینۆكمان بریندار دەبێت”
دەربارەی پێداویستی سەلامەتی نیگار سەبور وتی” بەداخەوە كەمترین پێداویستی تەندروستی و سەلامەتیمان بۆ دابینكراوە، تەنانەت دەستكێشی تایبەت بە كارەباو كڵاومان نییە، دەرمانخانە و چارەسەری پزیشكی، هیچ خزمەتگوزارییەكی تەندروستی كتوپڕمان نییە”.
دەربارەی كاتی كاركردن نیگار سەبور دەڵێت”لەبەرگرنگی كارەكەمان، لە بەشی چاككردنەوە رۆژانە كاردەكەین، هەموو كاتێك محاویلە دەسوتێ و بەتایبەتی رۆژانی زستان، تەنیا رۆژانی شەممە وهەینی پشوومان هەیە، یەكێكی تر لەكێشەكان پاسی هاتوچۆمان بۆ دابین نەكراوە، ڕێگەكەش زۆربەی سەیارەمان پێ نییە، گرفتی زۆرمان بۆ دروست دەبێت تا دەگەینە سەركار”.
دەربارەی هۆشیاری هاووڵاتییان و بەكارهێنانی كارەبا نیگار سەبور وتی”هەموومان دەزانین كارەبا لە كوردستان زۆر كەمە كەمتریش بووەتەوە، ئەوەشی هەیە بەپێی پێداویستی هاونیشتیمانان نییە، بەدەرلەوەش نرخی كارەبا گرانە، لەوبڕوایەدا نیم خەڵكی ئەو بڕە كەمەی كارەبا بەفیڕۆ بدات”.
لەكۆتایدا نیگار سەبور وتیشی” هیوادارم حكومەت گرنگی بدات، بە كەرتی كارەبا و ئامێرەكان تازەبكاتەوە، ناوبەناویش كارمەندەكانی بنێریتە دەرەوەی وڵات بۆ ئەوەی سود لە ئەزمونی وڵاتان ببینین یان لەناوخۆ خولی تایبەت بە پێشكەوتنی چاككردنەوەی محاویلە بكاتەوە”.
یەكێكی تر لە ژنەكان لە وەرشەی چاككردنەوەی مەحاویلە ڕێزان باسی چیرۆكی ژیانی دەگێڕێتەوە بۆ رۆژنامەی ژیانەوە
رێزان محەمەد كریم، پەیمانگای تەكنیكی تەواوكردوە فەرمانبەرە لە وەرشەی چاككردنەوەی كارەبا دەربارەی كارەكانی دەڵێت” لە چەندین بەش پێكهاتووە وەكو پشكنین و پشكینی ڕۆن و لەفكردن و بەشی هەڵوەشاندن و بەستنەوەی محاویلە كاردەكەم، واتە ئەو محاویلە لەكاركەوتوانەی ناو شاری سلێمانی و دەروبەری، هەركێشەی تەكنیكی هەبێت چارەسەی دەكەین و دەیگۆڕین یان چاكیدەكەینەوە، زۆر حەزوو ئارەزووم لە كارەكەمە لەگەڵی ڕاهاتووم زۆر بەدڵسۆزانە و ماندوو نەناسانە كاردەكەم”.
دەربارەی ئاستەنگەکانی بەردەمی کە چۆن روبەڕووی دەبێتەوە ڕێزان محەمەد وتی” كارەكانی ئێمە زۆر قورسە و مەترسییە، چونكە كە چووینە ناوهۆڵەكەوە یەكسەر بۆنی ناخۆشی ڕۆن و تەلی سوتاو هەڵدەمژین كەئەمە زیان بەتەندروستیمان دەگەیەنێت، هەروەها لەكاتی ئەنجامدانی كارەكانماندا زۆر جار چەكوش بەردەستمان دەكەوێت وئازارمان دەدات، جگەلەوەش پارچەكانی محاویلە زۆر تیژن زۆربەی جار دەستمان پێوەی دەبێت، ئەو پارچەكانی قورسە ئازار بە ماسولكەو پشتمان دەگەیەنێت، چەندین مەترسی تریش هەیە، بەڵام ئێمە هیچ گوێ بەمانە نادەین و بەردەوامین لەكارەكانی خۆمان ماندوو نەناسانە كاردەكەین، زۆر دڵسۆزانە هەوڵدەدەین، بەڵام ئێمە پشتگوێ خراوین تەنانەت فریاگوزاری تەندروستی و سەلامەتیمان بۆ دابین نەكراوە”.
دەربارەی هۆشیاری هاووڵاتییان بەكارهێنانی كارەبا رێزان محەمەد دەڵێت” پەیامم بۆ هاووڵاتییان ئەوەیە كەبەپێ پێویست كارەبا بەكاربهێنن، كارەبا بەفیڕۆ نەدەن راستە هاووڵاتییان مافی خۆیانە لە بەكارهێنانی كارەبادا دەزانین سوتەمەنی وەكو پێویست دابین نەكراوە، هەروەها كارەبای نیشتمانی كەمە، بەڵام باهیچ نەبێت گڵۆپی ئەو ژوورانەی كەدەچین و پێویستە داگیرساوبێ، وئەو ژوورەش كە دێیتە دەرەوە گڵۆپەكەی بكوژێنینەوە”
دەربارەی كاركردنی ژنان ڕێزان وتی” بەراورد بەساڵانی رابردوو كاركردنی ژنان روولەزیاد بوونە، ژنان شان بەشانی پیاوان كاردەكەن، بۆئەوەی ژیانێكی خۆش و شایستەی بۆخۆیان و خێزانەكەیان دابین بكەن، بۆئەوەی خزمەت بە كۆمەڵگاو شارەكەشمان بگەیەنین”.
لەكۆتایدا ڕێزان محەمەد دەڵێت ” داواكارین كە خول و ڕاهێنانمان بۆ بكەنەوە، بۆئەوەی زانیاری زیاترمان هەبێت، زیاتر خزمەتی هاونیشتیمانان بكەین». پەیامم بۆ ژنان ئەوەیە كە هەرژنێك توانا و بەهرەی هەیە، بیخاتەڕوو نەترسێت، چونكە كە ئێمە ئەو كارەی دەیكەین قورسە، بەڵام بەردەوامین سەركەوتووین تێدا، هیوادارم كە ماندوو بونمان بەفیڕۆ نەڕوات و سودی زیاترمان هەبێ”.
ئا: تریفه حهسهن