رۆژی (٨/٣/٢٠٢٢) بەئامادەبوونی ئەندامانی یەكێتی ژنانی كوردستان و چالاكوانی ژنان و رێكخراوەكانی ژنانو كۆمەڵگەی مەدەنی، بەدروشمی (كوشتنی ژنان ڕاگرن)، لە شاری سلێمانی و لەبەردەم پزیشكی دادی سلێمانی گردبوونەوەیەكی ناڕەزاییان ئەنجامدا.
لەسەرەتادا خۆپیشاندەران لەكاتژمێر (٤:٣٠ ) لەبەردەم پزیشكی دادی سلێمانی كۆبوونەوە، دواتر بەهۆی رێگری هێزە ئەمنییەكانەوە، خۆپیشاندانەكە گواسترایەوە بەردەم نەخۆشخانەی سوتاوی سلێمانی كە شوێنی هاواری ئەو ژنانەیە كە رۆژانە دەسوتێندرێن یاخود بەهۆی فشارو ناعەدالەتییەوە خۆیان دەسوتێننو گیان لەدەست دەدەن.
خۆپیشاندانەكە بەشێوەی رێپێوان بەرەو لای پاركی ئازادی بەرێكەوتن و لەبەردەم پاركەكە بەیاننامەكەیان بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن و ئامادەبووان خوێندەوە.
دەقی بەیاننامەكەیە:
بۆ بەڕێز/ وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی.
بۆ بەڕێوەبەرایەتی/ گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوو تیژی دژ بە ئافرەتان.
“كوشتنی ژنان راگرن”
تەنها لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا زیاتر لە سێ ژن لەلایەن كەسانی نزیكی خۆیانەوە كوژراون، دیاریش نییە چەند ژنی تر لەژێر هەڕەشەدان و چەند ژنی دیكەش كوژراون و كوشتنەكەیان بەشاردراوەیی ماوەتەوە.
كوشتنی زاراش بووە ئەڵقەیەكی تری زنجیرەی درێژی كوشتن بە بیانوی شەرەف، زارا كە لەلایەن هاوسەری پێشووی لەڕۆژی (١٦⁄٤⁄٢٠٢١ )كوژرا، پێشتر لەتەمەنی (١٢) ساڵیدا هاوسەرگیری پێكراوە و دواتریش هاوسەرەكەی مامەڵەی خراپ بووە لەگەڵیدا، لەم قۆناغەشدا كەس بەدەنگییەوە نەچووە و كاتێكش داوای جیابوونەوەی كردووە هاوسەرەكەی هەڕەشەی كوشتنی لێكردووە و بەداخەوە هەڕەشەكەشی جێبەجێكرد.
ئەم كوشتنەی زارا وەك زۆربەی كوشتنەكانی تر ئەو واقیعە تاڵە دەردەخات كە لەم كۆمەڵگەیەدا ژنان ژیان و كەرامەتیان پارێزراو نییە، هێشتا بكوژان لەو قەناعەتەدان كە دەتوانن بێ سزادان لە تاوانەكانیان دەربچن.
ئێمە وەك ئەو ڕێكخراو و كەسایەتیانەی لەخواروە ناومان هاتووە لەو باوەڕەداین كوشتنی زارا و زاراكانی تر ئاماژەی ڕاستەقینەی ئەو مەترسییە گەورەیەیە كە لەسەر ژیانی تاكەكانی كۆمەڵگە هەیە بەتایبەت ژنان و منداڵان.
ساڵانێكە ڕێكخراوەكان داواو فشارەكانیان بەئاڕاستەی دەستگیركردن و سزادانی بكوژان دەكەن، داوای سزادانی ئەو كەسانە دەكەن كە كچانی خوار تەمەن (١٨) ساڵی ناچار بەهاوسەرگیری دەكەن، بەڵام كارەساتەكانی كوشتنی ژنان هەر بەردەوامە.
نیگەران و توڕەین لەم بارودۆخە سەختەی ژیانی تاكەكان بەتایبەتی ژنان و بەئەركی حكوومەتی دەزانین كە:
١- دەستگیركردن و بەسزاگەیاندنی ئەو كەسانەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەشدارن لەكوشتنی ژنێك یان كچێك.
٢- بەهێزكردنی دامودەزگاكانی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون و جێبەجێكردنی یاساكان.
٣- پشتگیری كردنی ئەو ڕێكخراو و دامودەزگایانەی كار لەسەر هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە دەكەن و ئامانجیانە تووندوتیژی و كوشتن كەمبێتەوە.
٤- گرنگیدان و بەهەند وەرگرتنی دۆسییەكانی تووندوتیژی بەرامبەر بەژنان لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەكانەوە و بەهێزكردن و پشتگیری كردنی خانەكانی داڵدەدانی ژنان و باشكردنی میكانیزمەكانی داڵدەدان و وەرگرتنەوەی ئافرەتان.
٥- بەسزا گەیاندنی ئەو كەسانەی بەشدار و بكەری هەر جۆرێك لەجۆرەكانی تووندوتیژین بەرامبەر تاكەكانی كۆمەڵگە.