رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەراگەیەندراوێكدا سەبارەت بەشەڕی نێوان روسیاو ئۆكرانیا رایگەیاند: لەهەر چركەیەكدا منداڵێك ئاوارە دەبێت.
بەپێی راگەیاندراوەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە سەرەتای دەستپێكردنی شەڕەكەوە زیاتر لە سێ ملیۆن ئۆكرانی ئاوارەی وڵاتان بوون و لەو ژمارەیەش نیوەیان منداڵن.
ئەنتۆنیۆ ڤیتۆرینۆ، بەڕێوەبەری رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتیی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت: لەماوەی كەمتر لە سێ هەفتە دوای شەڕەكە، سێ ملیۆن هاوڵاتی ئۆكرانیا لە ژنو منداڵ و پیر و پەككەوتە لە خۆشەویستانیان جیابوونەتەوە و ئاوارە بوون.
راگەیاندراوەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەوەشی خستۆتە روو كە : زیاتر لە نیوەی ئاوارەكانی ئۆكرانیا، چوونەتە پۆڵەندا.
جەیمس ئیڵدەر، وتەبێژی یونسێف رایگەیاند: “تێكڕا، لە 20 رۆژی رابردوودا، هەموو رۆژێك زیاتر لە 70 هەزار منداڵی ئۆكرانیا ئاوارە بوون، ئەوەش بە نزیكەیی دەكاتە ئاوارەبوونی 55 منداڵ لە هەر خولەكێكدا، واتە بە نزیكەیی هەموو چركەیەك منداڵێكی ئۆكرانی لەو ماوەیەدا ئاوارە بوون”.