شیعری / هەتاو محەمەد
ئەیانناسمەوە ئەگەر
ڕستێك مورووی شین بە (ڕەشتی)ە كەی سەریەوەبێت
ئەگەر مێخەكبەنێكی تەڕِ بەسەر سنگیەوە
هێشتا بۆنی میهرەبانی لێبێت
ئەیناسمەوە ئەو دایكمە..!
ئەگەر جامانەیەكی ڕەشی بەستبێت
ئەگەر لەبەر (پژوێن)ە جورجێتەكەیدا
شمشاڵێك هێشتا نەوای كەژ و كێو بژەنێت
ئەیناسمەوە ئەوە باوكمە..!
ئەگەر كاتژمێرێكی بێ ئۆقرە لە مەچەكی چەپیدا
هێشتا چركە چرك
كاتی بێ داڵدەیی بپێوێت..
ئەیناسمەوە خۆیەتی براگەورە كەمە..!
وەئاگای مەهێنن قوڵ خەوتووە
هێواش دەست لە ئێسك و پروسكی بچكۆلانەی بدەن
بە مەمكەمژەكەی ملیدا ئەیناسمەوە
خوشكە بچوكەكەمە..!
مەیان شێوێنن
ڕۆفاتی هەزاران گەردیلەی منن
ئەیانناسمەوە
ئەوشەوەی لە لمەكەدا هەلاهەلایان كردم
ئیدی لێم ونبوون و
یەكتریمان نەدۆزیەوە..!!