بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە قەزای سۆران كچێكی تەمەن 15 ساڵ بەدەستی باوكی كوژرا و بەوتەی پۆلیس شەش گولە بەجەستەیەوە بووە.
شیروان خالید ووتەبێژی پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی تووندووتیژی دژی ژنان لە قەزای سۆران رایگەیاندووە كە بەیانی ئەمرۆ تەرمی كچێكی تەمەن 15 ساڵ گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سۆران كە شوێنەواری شەش گولە بەجەستەیەوە بووە.
ووتەبێژەكەی پۆلیس دەڵێت: ئەوكچە ناوی (ئ.ع.م) و تەمەنی 15 ساڵە و خوێندكار بووە و بەچەكی كلاشینیكۆف كوژراوە لەلایەن باوكییەوە، هۆكاری كوشتنەكەشی بۆ ئەوە دەگێڕنەوە كە بەبێ پرس لەگەڵ دوو هاوڕێی چۆتە دەرەوەی ماڵ “. هەروەها پۆلیسی قەزای سۆران ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە بە بڕیاری دادەوەر باوكی ئەو كچە بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیركراوە و دۆسیەی لێكۆڵینەوەی بۆ كراوەتەوە.
بەپێی ئامارەكانی پۆلیسی تووندووتیژی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 11 ژن لە هەرێمی كوردستان كوژراون.