هێدیخان مەجید ئەحمەد لە ٢٠ساڵییەوە بەردەوام وەرزش دەكات و یاریزانی تۆپی پێیە، لە یانەكانی ئەفرۆدێت، گازی باكور، زێرەڤانی یاریكردووە، ئێستا یاریزانی یانەی پیرەمەگروونە و لە ساڵی ٢٠١٧ بووە بە یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق.
هێدیخان لە ساڵی ٢٠١٦ كۆلێجی وەرزشی لە زانكۆی سلێمانی تەواو كردووە، لە پێش هاتنە ناو بواری وەرزشەوە حەز و خولیای بۆ كاری ڕاگەیاندن بووە، بەڵام دواتر خواستی بۆ وەرزش زیاتربووە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ بووەتە وێنەگری وەرزشی، لە یەكێتی تۆپی پێی عێراق و یەكێتی تۆپی پێی هەرێمی كوردستان و مۆڵەتی وێنەگرتنی وەرگرتووە.
لە بارەی ئەزمونی وەرزشی خۆیەوە لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیای تەوار هێدیخان ووتی” هەر لە مناڵییەوە خولیام بۆ وەرزش هەبوو ئەو خەونەم بەدیهێناو، لە كۆلێجی وەرزش وەرگیرام ئەنجامی بەرچاوم هەبوو لە زانكۆ و توانیم لە پاڵەوانێتی زانكۆكانی عێراق لە یاری یەك باز پلەی یەكەم بەدەستبهێنم و لە ٢٠١١ پەیوەندیم كرد بە یانەی وەرزشی ئافرۆدێتەوە”.
لە بارەی پاڵپشتیكردنییەوە بۆ وەرزش هێدیخان وتی” بە یەك دەست چەپڵە لێنادرێت خێزان و هاوسەرەكەم هاوكاری منن ئەمەوێت لێرەوە سوپاسیان بكەم”. پاشان هێدیخان باسی لە كاری هونەری فۆتۆگرافی كردوو ووتی” كاری فۆتۆگرافی بەلای منەوە كارێكی زۆر خۆشە هەستێكی خۆشم هەیە كاتێك وێنە ئەگرم هەر بۆیە دەستمكرد بە كاری فۆتۆگرافی وەرزشی لە ناو یاریگاكان و تازیاتر لە وەرزشەكان نزیك بوومەوە و بە كامێراكەم وێنەی وەرزشی جوانی ناو یاریگاكان بچركێنم”. هەروەها لە بارەی وێنەگری كچانەوە لە ناو یاریگاكان دەڵَێت” وێنەگری كچ لە ناو یاریگاكان زۆر كەمە وەكوو خۆم هەتا ئێستا هیچ كچكێم نەبینیوە وێنەی ناو یاریگاكان بگرێت بەو هیوایەم ئەوانیش بێنە ناو بوارەكەوە و هاوشانی من وێنە بگرن چونكە دەزانم زۆر كات كۆمەڵگە و خێزان ڕێگرن لەوەی كچان هاوشانی پیاوان كار بكەن”.
ئا:تریفە حسن