جۆن لۆک فەیلەسووفێکی ئەزموونگەری و بیریارێکی سیاسییە، لە ساڵی ١٦٣٢ زاینیدا لە شاری زینگتۆن ی سەر بە هەرێمی سۆمەرستی ئینگلتەرە لەدایک بووە.
ئەو سەردەمەی، کە ئەو لاو بوو، چەندان ململانەی مەزهەبی و شەڕ و ململانەی سەر دەستەڵات لە نێوانی پەرلەمان و پادشادا هەبوون. جۆن لۆک هەوڵیدا، بەرامبەر بە گەلەکەی خۆی لە ئینگلتەرە کەسێکی دادخواز بێت، بۆیە بە بەردەوامی داوای مافی تاکەکەسەکانی کردوە، هەوڵیداوە ڕێگایەک بدۆزێتەوە، کە بە هۆیەوە بەسەر هزر و بیری سەرکوتکەرانە و شێوازی حوکمکردنی ڕەهادا زاڵ ببێت و عەقڵ شوێنی ئەمانە بگرێتەوە. بۆیە لۆک ئەم هزرانەی خۆیی لە ناو دوو نامە، یان دوو پەیام دا نوسیوە، نامەی یەکەم ناونیشانەکەی بریتییە لە (دوو گوتار لەبارەی حکومەتەوە) دووەمیشیان کتێبێکە کە تیایدا بانگەشەی (هێنانەئارای لێبووردەیی لە نێوانی مەزهەبەکان و ئاینەکان) دا دەکات.
لە ساڵی ١٦٨٨ دا کە شۆڕشە گەورەکەی ئینگلتەرە ڕوویدا جۆن لۆک لایەنگری شۆڕشەکە بوو، بە هۆی ئەو بیرە سیاسییانەیەوە کە هەیبوون ناچار بوو بە پەنابەری ڕوو لە هۆڵەندە بکات. دەستەڵاتدارانی سەر بە پادشا هەر ڕاوەدوویان دەنا. بەڵام کە شۆڕشەکە لە دژی دەستەڵاتەکانی پاشا جارێکی تر گەرم بۆوە، ئەمیش گەڕایەوە ناو ئینگلتەرە.
لۆک هەمیشە هاندەر و پشتیوانی ئازادی و دادپەروەری بووە. هەوڵیدا وەکە هزری مرۆڤایەتی لە چنگی نەزانی ڕزگار بکات. چونکە بڕوای وابوە کە مرۆڤ لەباری ئاساییدا بونەوەرێکی چاکەخوازە، عەقڵی ئەوەی هەیە، کە جیاوازی لە نێوانی چاکە و خراپەدا بکات. لۆک هەوڵی ئەوەی داوە مرۆڤەکان خاوەنی ڕەوشتی بەرز بن، دەستدرێژی نەکەنە سەر کەسانی تر. وەک تێبینی دەکەین، جۆن لۆک لە ئەم ڕوانینەیدا زۆر پێچەوانەی تۆماس هۆبز بووە، چونکە هۆبز پێیوابوە، سروشتی ئاسایی مرۆڤ وایە، کە شەڕەنگێز و شەڕخوازە، بەڵام جۆن لۆک دەڵێت، سروشتی مرۆڤ وایە، چاکەخوازە.
لۆک هەوڵ دەدات بە ناو باری سروشتی و ئاسایی مرۆڤ و کۆمەڵگەدا قووڵ ببیتەوە و ڕۆبچیت، لە ئەنجامی ئەو قووڵبونەوەیەی خۆیەوە گەشتوە بە ئەو بڕوایەی کە مرۆڤ بە چاکەخواز پێناسە بکات و بڵێت کە سروشتی مرۆڤ وا هەڵ کەوتوە، کە عەقڵانی بێت. عەقڵ ئەو ئامرازەیە، کە چەند هزر و بەهایەکی دیاریکراو دەدات بە تاکەکەس، بۆئەوەی بتوانێت بەرەو ئاکار و دادپەروەری بڕوات و هەنگاو بنێت. لۆک ئەم بیرانەی خۆیی ناوناوە (یاساکانی سروشت)، کە کۆمەڵە یاسایەکن پەیوەندییان بە بوونی مرۆییەوە هەیە و مەسەلەی بنچینەییشن لە ناو بوونی مرۆیی و ئەو مافانەی مرۆڤبووندا، کە نابێت بخرێنە بەر مەترسی.
مرۆڤ لە بوونی خۆیدا بونەوەرێکی عەقڵانییە. بیرۆکەی ئازادییش پەیوەستە بە بیرۆکەی ئاسوودەییەوە، بۆیە ناتوانین جیاوازی لە نێوانی ئازادی و ئاسوودەییدا بکەین، چونکە ئازادی دەتوانێت ئاسودەیی بە مرۆڤ ببەخشێت، بەوەی کە دەستی واڵا دەکات ئەو کار و شتانە هەڵبژێرێت، کە خۆی مەبەستیەتی، ئەو دەڵێت: [ئامانجی سیاسەت و ئامانجی فەلسەفە یەک شتن، ئەو شتەش بریتییە لە گەڕان بەدوای ئاسوودەییدا. بۆیە هەتا زەمانەتی سیاسی وەها دابین نەبێت، کە بەشێوەی عەقڵانی کار لەسەر بڵاوکردنەوەی ئاسوودەیی بکات، ناتوانین ئەو ئاسودەییە بۆ مرۆڤ بڕەخسێنین، کە ئاشتی و ئارامی بۆ کەسەکان دابین دەکات.
لۆک هەوڵ دەدات کار لەسەر باری سروشتی و ئاسایی مرۆڤەکان بکات و ئەوەشمان بۆ بسەلمێنێت، کە چەند دانە فاکتەرێک لە ناو بونیادی سرووشتی مرۆڤەکان و کۆمەڵگەشدا بوونیان هەیە، کە خۆڕسکانە چاکەخواز و خێرویستن و لەوان ناوەشێتەوە کاری دڕندانە ئەنجام بدەن، بەوشێوەیەی، کە هۆبز بۆی چوە، هەروەها لۆک وادەزانێت ژیانیش ئەو خۆش و ئاسوودەیە نییە کە ڕۆسۆ وێنای کردوە، بەڵکو بارێکی وەهایە، کە بە ڕەخساندنی هەندێک هەلومەرج و دابینکردنی ئایندە دەتوانرێت ژیان خۆشتر بکرێت.
مرۆڤ لەباری سرووشتیدا پێویستی بە یاسایەک هەیە، کە ئازادییەکانیی بۆ بپارێزێت، کە دیارە ئاسوودەیی تاک واتە ئاسوودەیی کۆمەڵگەش، نەک تەنها تاکەکە خۆی. لەباری سروشتیدا ئازادی و یەکسانیی سرووشتی لەڕێگەی ئەو عەقڵەوە ڕێک دەخرا، کە خۆی وەک بەرهەمێکی سروشت ڕەخساو و بەردەست بوو، عەقڵ لە سروشتدا بەشێوەیەک بوونی هەیە، کە ڕێگە لە خەڵک دەگرێت پەلاماری کەسانی تر بدەن. لۆک پێیوایە،کە دوو یاسای ناوەکی بەشێوەی خۆڕسک لەلای مرۆڤ بوونیان هەیە، کە بریتین لە :
-لەسەر تاک پێویستە کە لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکدا پارێزگاری لە ژیانیی خۆی و کەسانی تریش بکات.
دەبێت مرۆڤ سەلاری و سەلیقەی خۆیی هەبێت و لە هەڵسوکەوتکردندا کار بە سەلیقەکەی خۆی بکات، بۆئەوەی لە دژی یاساکانی سروشت سەرپێچی نەکات.
هەموو تاکە کەسێک لەناو چێوەی یاسادا مافی ئازادیی هەیە، مافی کارکردن و خاوەندارێتی هەیە. ئەم مافانە لە پێش دەرکەوتنی کۆمەڵی مەدەنییەوە بوونیان هەبوە. هەموو مرۆڤێک دەتوانێت بە کارکردن بەهایەک بە بوونی خۆی ببەخشێت، دیارە ئەو کارکردنە دەبێت بۆ کەسەکە خۆی و بۆ کۆمەڵگەش گرنگ بێت. (چونکە کارکردن بەهایەکە بۆ مرۆڤ، ئێمەش هەریەکەمان لە کارەکەی خۆمان بەرپرسیارین، لە هەڵسوکەوت و ئاکاری خۆمان لە کارەکەماندا بەرپرسین. دەبێت ئەو کارەی ئەنجامی دەدەین، بەگشتی سوودی بۆ کۆمەڵگە و تاکەکەسیش هەبێت. بوونی خاوەندارییش یەکێکە لە هۆکارەکانی ئاسوودەیی، چونکە بەشێکی گەورە لە ئاسوودەییەکانی ئێمە ئەوەیە، کە بتوانین ئەو شتانەمان بۆ خۆمان هەبێت، کە زۆرترین چێژمان پێ دەبەخشن)
بەمشێوەیە دەبینین، کە باری سروشتیی مرۆیی پێویستی بە بوونی چەند یاسایەکی گشتی هەبوە، کە لە بەرژەوەندیی هەموان بێت، نەک چەند تاکەکەسێکی دیاریکراو. دەبێت یاسای دادوەریی دادپەروەرانە جێگەی ئەو بارە هەڕەمەکییانە بگرێتەوە، کە دەیانەوێت بەسەر بارە گشتی و تایبەتەکاندا زاڵ ببن. پێویستە دەستەڵاتێکی بەهێز هەبێت توانای ئەوەی هەبێت دادپەروەری بەرقەرار بکات. بۆئەمەش کۆمەڵگە پێویستی بە ڕێک خستنەوە هەیە، بۆئەوەی وای لێ بکرێت ، کە تا زۆرترین ئاست دادپەروەری و ئاسوودەیی مسۆگەر بکات. لەبەر ئەم هۆکارە پێویستی کرد، کە یاسا و ڕێسا و دەستورەکان بۆ پاراستنی ماف و ئازادییەکان و موڵکایەتییە تاکەکەسییەکان دابنرێن.
بەمشێوەیە دەبینین کە مافی موڵکداری یەکێک بوە لە ئەو هۆکارانەی، کە وایان کردوە مرۆڤ لە بارە سرووشتیەکەی خۆی دووربکەوێتەوە، بەهۆی موڵکدارییەوە ململانەکردن و ناکۆک بوون هاتنە ئاراوە، جۆرێک لە فەوزا و ئاژاوە بەهۆی موڵکدارییەوە کەوتە ناو کۆمەڵگەوە. بۆیە ئیتر بە پێویست زانرا سیستمێک یان یاسایەک هەبێت بۆ ئەوە دابنرێت کە ئازادی و کەرامەتی تاکەکەس بپارێزێت.
بەمشێوەیە دەبینین، کە موڵکداری یەکێک بووە لە ئەو هۆکارانەی، کە وایان کردوە تاکەکەسەکان لە باری سروشتیی خۆیان دووربکەونەوە، بەمەش ململانە کردن دروست دەبێت، جۆرێک لە ئاژاوە دێتەئاراوە لە ناو کۆمەڵگەدا، بۆیە ئیتر لەمەوە بە پێویست زاندرا، کە سیستمێک یان یاسایەک هەبێت، کە ئازادی و کەرامەتی تاکەکەسەکان بپارێزێت.
لایەنی ئەرێنیی ناو هزری لۆک ئەوەیە، کە هزرە لیبراڵییەکانی خۆی دێنێتە بەر باس. دوواییش ئەم هزرانە دەبن بە یاسا بۆ دامەزراندن و دانانی دەستوور بۆ وڵاتە گەورەکانی وەک ئەمریکا. دیارە ئەمریکا یەکێکە لە ئەو دەوڵەتانەی کە دەستووری خۆیانیان لەسەر بنەمای تیۆرییەکەی جۆن لۆک داناوە، دەستوری بریتانییش هەر بە هەمان شێوەیە، ئەم دەستورەش هەتا کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە هەر کاری لەسەر بنەمای تیۆرییەکەی لۆک دەکرد.. بۆیە کاتێک کە ئێمە دەڕوانینە چەمکی تیۆرییەکەی لۆک لەبارەی پەیمانی کۆمەڵایەتییەوە دەبینین لە ئەو تییۆرەی ئەوەوە بنەمای بارێک لە ئیلتیزام و ڕێزگرتن لە ئازادییەکانی کەسانی تر دێتەئاراوە. لەم ڕوەشەوە ڕستەیەکی بەناوبانگی هەیە، دەڵێت [ئازادی بریتییە لەوەی، کە تاکەکەس لەلایەن کەسانی ترەوە تووشی لەمپەر و توندوتیژی نەبێت] هەر لەم ڕوەوە ڕستەیەکی تریشی هەیە، کە دەڵێت: [لە هەر شوێنێکدا یاسا نەبوو، ئازادییش بوونی نابێت] بۆیە کەوابێت [ئازادی بریتی نییە لە فۆڕمی پڕ ئاژاوە و هەڕەمەکییانەی ژیانی تاکەکەس، بەڵکو دەبێت شتێک بێت، کە لەژێر قەڵەمڕەوی دەستەڵاتی یاسادا بێت.].