تەنیا ئەحمەد، راهێنەری فۆتساڵی یانەی وەرزشی دوكان، بە شێوەیەكی رەسمی بڕوانامەی B راهێنەری یەكێتیی تۆپی پێی ئاسیای وەرگرت.
ئەو كچە راهێنەرە كە چەندین ساڵە وەك وەرزشكارێكی دیارو راهێنەرێكی فۆتساڵی كچان كار دەكاتو خاوەنی بڕوانامەی راهێنەری (C) ئاسیایە، لەماوەی رابردوو بەشداری خولی راهێنانی B ی ئاسیایی كردو پاش وەرگرتنی وانەكانی خولەكە بە شێوەی تیۆری و پراكتیكی بەفەرمی بڕوانامەی یەكێتیی تۆپی پێی ئاسیای پێبەخشرا وەك تاكە كچی بەشداربووی ئەو خولە.
تەنیا ئەحمەد ساڵی 1992 لەشارۆچكەی دوكان لەدایكبووەو دەرچووی بەشی ژمێریاری پەیمانگەی تەكنیكی كۆیەیە.
تانیا بۆ ژیانەوە وتی: “سەرەتای چوونە ناو دنیای وەرزش دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی خوێندنی سەرەتاییم كە بەشداری چالاكی قوتابخانەكانم دەكرد، هەروەك بەشداری ڤێستیفاڵی ساڵانەی قوتابخانەكانم كردووەو تا ئێستاش بەهاوكاری خێزانەكەمو مامۆستاكانم لەوەرزش بەردەوامم”.
وتیشی: “لەساڵی ٢٠٠٨ تاوەكو ٢٠١٣ یاریزانی فوتساڵی یانەی دووكان بووم، جگە لەوەی یاریزانی یانەی دووكان بووم خوێندكاریش بووم كە خوێندن رێگر نەبوو لە یاریكردنم، پاشان یانەی دووكان نەما و سەرقاڵی خوێندن بووم تا ساڵی ٢٠١٥”.
سەبارەت بەئاستەنگەكانی بەردەمی بەتایبەتی لەسەرەتای چوونە ناو وەرزشەوە، تانیا وتی: “لەسەرەتادا توشی ئاستەنگی زۆر بوومەوە، چونكە كەم كەس هەبوو ئەوە قبوڵ بكات كە ژنێك یاریی تۆپی پێ بكات، بەڵام من بەردەوام بووم و هەر بەردەوامیش ئەبم، سەرەڕای بوونی ئەو ئاستەنگیانە”.
ئەم كچە وەرزشكارە لە ساڵی ٢٠١٥ دا فێرگەی تۆپی پێی كچانی دووكان دادەمەزرێنێت، كە یەكەم ژن بووە لەو شارۆچكەیە فێرگەیەكی تۆپی پێ بكاتەوەو ببێتە راهێنەری ئەو فێرگەیە.
لەو بارەیەوە دەڵێت: “راستە لەسەرەتادا فێرخوازم زۆر كەم بوو، چونكە تۆپی پێی كچان بۆ دوكان شتێكی نوێ بوو لەو كاتەدا، بەڵام خۆشبەختانە رۆژ بە رۆژ ژمارەی فێرخواز زیاد ئەكات”.
خاتوو تانیا حەزو ئارەزوییەكی زۆری بۆ وەرزش بەتایبەتی تۆپی پێ هەیەو هەر ئەوەش وایكردوە بەردەوام بێت.
سەبارەت بەخەونو ئاواتەكانی، تانیا وتی: “ئاواتمە وەكو راهێنەر بەشداری خولی عێراق بكەمو ببمە خاوەنی بڕوانامەی (A) ئاسیاوی”.
ساڵی 2019 تیمی كچانی دووكان بەراهێنەرایەتی تانیا بەشداریی خولی پلە یەكی یانەكانی كوردستانیان كردووەو توانیویانە پلەی دووەمی خولەكە بەدەستبهێننو بۆ پلە نایاب سەركەون، لەم خولەشدا توانیان ببنە پلەی سێیەم.
سەبارەت بە ئاستی وەرزشی كوردستان وتی: “بەشێوەیەكی گشتی گرنگییەكی ئەوتۆی پێنادرێت و پشتگوێخراوە، خۆ ئەگەر باسی كچانیش بكەین لەبواری وەرزشدا ئەوە هیچ گرنگییەگی پێنەدراوەو فەرامۆش كراوە، راستە كچان خۆشیان كەم یەنە ناو بورای وەرزشەوە لەبەر قسەی كۆمەڵگەو ئەو ئاستەنگیانەی رووبەرویان ئەبێتەوە كەم روو ئەكەنە بواری وەرزش، بەڵام داوا لەهەموو كچێك ئەكەم كە گرنگی بەو ئاستەنگانە نەداتو لەبواری وەرزشدا بەردەوامبێتو خەونەكانی خۆی بكاتە راستی”.
وتیشی: “دەمەوێت بناغەیەك بۆ فوتساڵی كچان دابنێمو لەسەر ئاستی عێراق كێبڕكێ بكەینو تیپی كچان بەردەوامبێتو بە بەهێزی بمێنێتەوە، نەك بۆ ساڵێك و دوو ساڵ بەڵكو بۆ هەمیشە”.
پروشە فەیسەڵ