بڕیارە ئەمڕۆ ئەو كچەی لە چاكسازیی ژنانی هەولێر گیرابوو كە بڕوانامەی دیبلۆم بە پلەی نایاب تەواو كرد، ئەمڕۆ ماوەی زیندانییەكەی تەواو دەبێت و ئازاد دەكرێ.
ڕۆژی سێشەم پێنجی نیسان، بە ئامادەبوونی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە زیندانی چاكسازیی هەولێر، رێوڕەسمێكی رێزلێنان بۆ بەخشینی بڕوانامەی دیپلۆمی تەكنیكی بە كچە قوتابییەك بەڕێوە چوو، كە زیاتر لە حەوت ساڵی ژیانی لە گرتووخانەدا بەسەر بردووە، پاش خوێندنی قۆناغی ئامادەیی بە شێوەی خێرا، كۆتایی ئەمساڵی خوێندن، بڕوانامەی دیپلۆمی دوو ساڵەی تەكنیكی لە بەشی ئینگلیزی پەیمانگەی تەكنیكی گەشە بەدەست هێنا.
ئەمڕۆ یەكشەم 10ـی نیسان، بەپێی ئەو سزایەی بۆ ئەو كچەی قوتابییە دیاری كرابوو، ئەمڕۆ كۆتایی دێ و ئازاد دەكرێ، دەتوانێ بچێتەوە ناو خێزانەكەی و درێژە بە ژیان بدات.
ئەو كچە قوتابییە لەكاتی خوێندندا ئاستێكی باشی هەبووە و توانیویەتی لە ریزبەندی یەكەمەكانی بەشەكەیدا، ساڵی یەكەمی خوێندنی تەواو بكات و ئێستەیش لە قۆناغی دووەمدا بە ئاستێكی باشەوە بڕوانامەی دیپلۆمی بە پلە نایاب لە زمانی ئینگلیزی تەواو كردووە.
لەكاتی رێوڕەسمی خەڵاتكردنی ئەو كچە، بەرپرسانی ئەو پەیمانگەیەی ئەو كچەی تێیدا خوێندكاربوو رایان گەیاند، ئەمڕۆ رۆژێكی مێژووییە بۆ كوردستان و جێی خۆشحاڵیمانە كە بۆ یەكەمجارە كچە خوێندكارە لە گرتووخانەوە، بتوانێ لە ماوەی سزادانەكەیدا بڕوانامەی دیبلۆم تەكنیكی پەیمانگە بەدەست بهێنێت.