ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

لەكاتی خۆڵباریندا پێویستە چی بكرێت ؟

سەبارەت بەو خۆڵبارینەی ماوەی چەند ڕۆژێكە هەرێمی كوردستان‌و پارێزگای سلێمانی گرتۆتەوە، بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئەو كەشوهەوا‌و خۆڵبارینە بە یەكێك لە كێشە گەورە و كاریگەرەكان بۆسەر تەندروستی هاوڵاتیان دادەنێت و ڕایدەگەیەنێت: هەڵمژینی ئەو هەوایەی بووە بە تەپ و تۆز بە شێوەیەكی گشتی بۆ تەندروستی مرۆڤ باش نییە و كاریگەری ڕاستەوخۆ دەكاتە سەر بارودۆخی تەندروستی هاوڵاتیان.

كاریگەرییەكانی :

١- دەبێتە هۆی هەستیاری حەساسییەت‌و پێڵووی چاوەكان سوردەبنەوە‌و توشی خوران دەبێت.

٢- هەستیاری لوت، بەتایبەتتر ناوپۆشی لوت سور دەبێتەوە تووشی هەوكردن دەبێت، بەمەش گیرانی لوت دروست دەبێت و كەسەكە تووشی تەنگەنەفەسی دەبێت.

۳- فشاری خوێن و خوێن بەربوون و هەوكردنی گوێچكەی ناوەڕاست زۆر جار دەرئەنجامی ئەم خۆڵبارینەیە و كاریگەری دروست دەكات لەسەر ئەو كەسە.

٤- ئەو كەسانەی تەنگەنەفەسن‌و ڕەبۆیان هەیە لەگەڵ ئەم خۆڵبارینە حاڵەت و نیشانەكانیان زیاد دەكات.

٥- زۆر جار دەبێتەهۆی خورانی پێست و سوربوونەوە و نەخۆشی ئێكزیما.

٦- كاریگەری لەسەر كۆئەندامی هەناسەدان‌و سییەكان دروست دەكات، بەمەش كەسەكە تووشی كۆكە‌و پژمین‌و ناڕەحەتی زۆر دەبێت، چونكە ئەو دەنكۆڵانە هەڵگری میكرۆب و بەكتریان.

سەرەڕای هۆكار‌و كاریگەرییەكان، چەندین ڕێگەی خۆپارێزی هەیە كە پێویستە هاوڵاتیان پابەندی چەند ڕێنمایی بن لە ماڵەوە، ئەوانیش بریتین:

١- داخستنی دەرگا‌و پەنجەرە‌و پاككردنەوەی شوێنی خۆڵبارین بە تایبەت بۆ ئەو كەسانەی لە ماڵەوەن.

٢- لەكاتی چونە دەرەوە دەمامك ببەسترێ‌‌و ڕووپۆشی خۆت‌و شوێنی مانەوە بكەی بە بەردەوامی.

۳- دەرگا و پەنجەرە دابخە ئەگەر بۆ حاڵەتی زۆر پێویست نەبێت مەچۆ دەرەوە.

٤- زۆر خواردنەوەی شلەمەنی بەتایبەت لەكاتی شۆفێری و چونە دەرەوە هەوڵبدرێت هەوای ناو ئۆتۆمبێل بكرێتەوە.

٥- خواردنی میوە و سەوزە بە بەردەوامی.

٦- تێكەڵ نەبوونی هاوڵاتیان و مامەڵە نەكردنیان لەگەڵ سەگ و پشیلە كە لە ئێستادا لەلایەن هاوڵاتیانەوە گرنگی زۆری پێدەدرێت، چونكە ئەو تۆز و خۆڵە لەگەڵ فەرووی ئاژەڵەكان كێشە دروست دەكات.

۷- لە كاتی بوونی هەر حاڵەتێكی نەخوازراو هاوڵاتیان دەتوانن پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ژمارە ۱۲۲ بكەن.

هاوشێوە

ڤیدیۆ