پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی ژمارە 5ی رێكەوتی 7-4-2008، بە بڕیاری ژمارە 1ی ساڵی 2008، رۆژی 16ی نیسانی هەموو ساڵێكی وەك رۆژی ژینگەی كوردستان دیاری كرد.
بیرۆكەی دیاریكردنی ئەم رۆژە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە ئێوارەی رۆژی 16-4-1987، فڕۆكە جەنگییەكانی رژێمی بەعسی فاشیست بەچەكی كیمیایی قەدەغەكراو كەوتنە بۆردومانكردنی ناوچەكانی بالیسان و شێخ وەسان كە تێیدا 237 هاونیشتمانی شەهید بوون و 87 هاونیشتمانی دیكەش بریندار بوون.
مرۆڤ بەشێكە لە ژینگە و، بە ئەرێنی و نەرێنی هەردووكیان كار لە یەكتر دەكەن.
ئاو و هەوا و خاك لە پێكهێنەرەكانی ژینگەن، هەریەك لەم رەگەزانە تەواوكەری یەكترین بۆ بەردەوامیدان بە ژیان، پیسبوونی هەریەك لەو پێكهێنەرانەش پیسبوونی تەواوی ژینگەی لێدەكەوێتەوە، كەوایە پێویستە لە سەر هەموو تاكێك پێكهێنەرەكانی ژینگە بپارێزێت.
پاراستنی ژینگە، واتە پاراستنی ژیان بە گشتی.