ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

بەهۆكارێكی سەیر، سێ‌ ساڵ جارێك جیادەبنەوە‌و هاوسەرگیری دەكەنەوە

لەیاسایی باری كەسییەتی وڵاتی (یابان)دا بەروونی هاتووە كە دەبێت هاوسەرەكان ناو یان نازناوی یەكێكیان دوای هاوسەرگیریی تۆمار بكرێت‌و ئەو ناوە بەكاربهێنرێت، بەڵام دوو هاوسەر لەناوچەی هاتشیوجی تۆكیۆی پایتەخت، كێشە دەكەوێتە نێوانیانەوە‌و رێك ناكەون لەسەر ئەو ناوە، بۆیە بڕیار دەدەن هەر سێ‌ ساڵ جارێك جیاببنەوە‌و دواتر هاوسەرگیری بكەنەوە.

ئەو دوو هاوسەرە كە ناویان ئاشكرا نەكراوە، لەسەر ئەوە رێكدەكەون كە سێ‌ ساڵی یەكەم ناو‌و نازناوی خێزانی یەكێكیان تۆمار بكرێت‌و دوای ئەو سێ‌ ساڵە لەیەك جیادەبنەوە‌و سێ‌ ساڵی دواتر بەناو‌و نازناوی ئەوی تریانەوە هاوسەرگیری دەكەنەوە.

لەسەرەتادا ژنەكە پێی خۆشبوو كە ناوی خێزانی ئەو بەكاربهێنرێت‌و تۆمار بكرێت، بەڵام پیاوەكە قبوڵی نەبووە‌و رەتی كردۆتەوە، بۆ چارەسەری ئەوەش كاتێكی زۆریان ویستووە تا بگەنە ئەنجامێك، دواتر زانیویانە كە ئەوان یەكەم ژن‌و مێرد نین ئەو كێشەیەیان هەبووە، بەڵكو پێشتر دوو هاوسەری تر هەمان كێشەیان هەبووە‌و بەو شێوەیەش چارەسەریان كردووە.

ئەو ژنە كە میدیاكارە‌و لەیەكێك لەدەزگاكانی راگەیاندنی یاباندا كار دەكات دەڵێت: “مێردەكەم پێیوابوو كە دەبێت هەمیشە ژن ناوی مێردەكەی وەربگرێت، بەڵام من ئەوەم رەتكردەوە‌و رازی نەبووم، بۆیە گفتوگۆكانمان درێژەی كێشا‌و هاوسەرگیرییەكەمان زۆر دوا كەوت”.

وتیشی: “لەو ماوەیەی كە بیرمان لەچارەسەر دەكردەوە، من لای هاوڕێكانم باسی كێشەكەمانم كرد، ئەوانیش باسی ژن‌و مێردێكی تریان بۆ كردم كە هەمان كێشەی ئێمەیان هەبووە‌و بەوە چارەسەریان كردووە‌و كە بۆ ماوەیەك هاوسەرگیری بەناوی یەكێكیانەوە بكەن‌و دواتر جیاببنەوە، هەمان ماوە هاوسەرگیری بكەنەوە ئەمجارە بەناوی ئەوی تریانەوە، منیش ئەوەم لای دەستگیرانەكەم باسكرد‌و رەزامەند بوو”.

پیاوەكە كە فەرمانبەری حكومەتە بە چارەسەری ژنەكەی رازی دەبێت‌و ماوەی سێ‌ ساڵ دادەنێن، ساڵی 2016 هاوسەرگیری دەكەن‌و بەناوی خێزانی پیاوەكەوە تۆمار دەكرێت‌و ساڵی 2019 لەیەك جیادەبنەوە‌و هەمان ساڵ هاوسەرگیری دەكەنەوە بەناوی خێزانی ژنەكەوە.

بەپێی رێككەوتنەكەیان مانگی تەمموزی ئەمساڵیش دەبێت جیاببنەوە‌و پلان بۆ هاوسەرگیرییەكی نوێ‌ دابنێن ئەمجارە بەناوی خێزانی پیاوەكەوە.

دڵی

هاوشێوە

ڤیدیۆ