لە بەرامبەر هەوڵەكانی بۆ داخستنی “پلاتفۆرمی تاوانی دژی ژنان دەوەستێنین” لە چەند شارێكی توركیا و باكووری كوردستان ژمارەیەك زۆر لە ژنان گردبوونەوە و ناڕەزاییان دەربڕی.
رۆژی شەممە 16ی نیسانی 2022 لە شارەكانی ئیستەنبوڵ، ئەنقەرە، مێرسین، ئەسكیشەهیر، ئیسپارتای توركیاو خارپێتی باكووری كوردستان بەسەدان ژن بەدروشمی (ژنان دەستگیر مەكەن، بەڵكو بكوژەكانیان دەستگیر بكەن) رژانە سەر شەقامەكان و خۆپیشاندانیان كرد.
ئەو گردبوونەوانە دوای ئەوە هات، ئەو سكاڵایە بێئەنجام بوو كە پلاتفۆرمەكە چەندین ساڵ بەر لە ئێستا لەناوەندی پەیوەندییەكانی سەرۆكوەزیرانی توركیاو دواتریش لە ناوەندی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا تۆماری كردبوو، بۆ داخستنی دۆسیەكەیان لە دادگا.
لە دادگای ئیستەنبووڵی توركیا سكاڵا بۆ داخستنی “پلاتفۆرمی تاوانی دژی ژنان دەوەستێنین” تۆماركراوە، یەكەمین دانیشتنی دادگا لەسەر ئەو دۆسیەیە رۆژی یەكی حوزەیرانی ئەمساڵ لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەدەچێت.
“پلاتفۆرمی تاوانی دژی ژنان دەوەستێنین” لە ساڵی 2010 ـەوە دامەزراوە و مانگانە ئامار و داتا لەبارەی تاوان و تووندوتیژی دژی ژنان لە توركیا و باكووری كوردستان بڵاودەكاتەوە.