بەئامانجی بەدەمەوەچوونی نەخۆشانی نەخۆشخانەی هیوا، دەستەی داكۆكیكاران لەنەخۆشخانەی هیوا ئامادەكاری دەكەن بۆ ڕێكخستنی (شەونخونیەك) لەبەردەم نەخۆشخانەكەدا.
بەپێی وتەی دەستەكە: “ئەم داكۆكییە بۆ دروستكردنی فشارە لەسەر حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان و نەتەوە یەكگرتوەكان بەتایبەتی رێكخراوی تەندروستی جیهانی بۆ دابینكردنی ئەو پێداویستیانەی ژیان دەپارێزێت لە مەرگ، وەك كەمی دەرمان و زۆری ڕیزی سەرە بۆ تیشكو نەبوونی بودجەی پێوسیت بۆ دابینكردنی پێداوسیتی تری نەخۆشەكان و كارمەندو دكتۆرەكانو.. هتد”.
ئامانجی دەستەكە لەم كارەیان وەك خۆیان بۆ تۆڕی میدیایی تەواری باس دەكەن: “سەرنجدانو هەڵوێستەیەكە، چونكە كەمبوونەوەی خزمەتگوزارییەكان لەئێستادا مەترسی لەسەر ژیانی نەخۆشەكان دروستكردوە، هاوكات بەپێی ئەو زانیاریانەی بە فەرمی بەدەستەی داكۆكیكاران لە نەخۆشخانەی هیوا كەوتووە، نەخۆشەكانی هیوا ژیانی سەخت بەڕێدەكەن”.
نەخۆشخانەی هیوا تاكە نەخۆشخانەیە كە چارەسەری ورد بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە بكات لەسەرتاسەر عیراقدا.
ئەم دەستەیە یاداشتەكانیان بەزمانەكانی كوردیو عەرەبیو ئینگلیزی بڵاودەكەنەوەو تیایدا داواكارییەكان دەخنە ڕوو، بڕیاریش وایە ئێوارەی رۆژی (16ی 5) چالاكییەكەیان دەست پێبكەنو رۆژی دواتر لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بەئامادەبوونی نەخۆشو كارمەندو پزیشكو ڕاگەیاندەكان، داخوازییەكان بخەنە ڕوو.
لەئێستاشدا كەمپینێك لەتۆڕە كۆمەڵاتییەكاندا كراوەو ژمارەیەكی زۆر لەچینو توێژە جیاجیاكانی كۆمەڵگە، پاڵپشتی ئەو دەستەیە دەكەنو ئامادەیی خۆیان بۆ هاوكاریكردنی نەخۆشخانەی هیوا دەربڕیوە.
دڵسۆز زەنگەنە چالاكوانو بەڕێوەبەری ڕێكخراوی دابین یەكێكە لەوانەی پاڵپشتی خۆی بۆ نەخۆشخانەی هیوا دەربڕیوە دەڵێت: “بەهۆی نەبوونی دەرمانو پێداویستییەكانەوە، نەخۆشانی هیوا، لەبارودۆخێكی قورسدان، بۆیە پێویستیان بە پاڵپشتی دەروونیو كۆمەڵایەتی هەیە”.
ئا: تریفە