كۆمیسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق ڕایگەیاند پێنج هەزار منداڵی بێ باوك یان بێ دایك یاخود بێ هەردووكیان، لە عێراقدا هەیە كە دەكاتە نزیكەی 5%ی كۆی منداڵە (مناڵە بێدایکو باوکەکان)ی جیهان.
كۆمیسیۆنەكە لە ڕاگەیاندراوێكدا ئەوەش ئاشكرادەكات كە یەك ملیۆن منداڵی عێراقی خراونەتە بەر كاركردن بۆ یارمەتیدانی خێزانە هەژار و بێدەرەتانەكانیانو چوار ملیۆن و 500 هەزار منداڵ لەژێر هێڵی هەژاریدان و 45 هەزار منداڵیش هیچ بەڵگەنامەیەكیان نییە، چونكە جێماوی ئەو باوكانەن كە چەكداری داعش بوون.
ئەمە بێجگەلەوەی كە پێنج هەزار سكاڵا تۆماركراون دژی ئەو خێزانانەی كە توندوتیژییان بەرامبەر منداڵەكانیان بەكارهێناوە.
ڕاگەیاندراوی كۆمیسیۆنەكە دەڵێت: عێراق پێویستی بە هەشت هەزار بینای قوتابخانە هەیە و لەكۆی قۆناغەكانی خوێندنیش ڕێژەی 73%ی قوتابی و خوێندكار یان هەر نەخراونەتە قوتابخانە یاخود وازیان لە خوێندن هێناوە كە 91%یان لە قۆناغی سەرەتاییدان.