بەرێوەبەری تەندروستی هەولێر رایدەگەیەنێت: تائێستا لەهەولێر هیچ حاڵەتێكی توشبوون بەتای خوێنبەربوون تۆمارنەكراوەو حاڵەتێكی گومانلێكراو هەیە كە منداڵێكەو لەبەغداوە بۆ چارەسەركردن هاتوەتە هەولێر.
د.دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەو منداڵە تەمەنی دوو ساڵەو لەبەغداوە بۆ چارەسەر هاتوەتە هەولێرو بەپێی نیشانەكان گومان دەكرێت تای خوێنەربوونی هەبێت و مەترسی لێ ناكرێت.
ئەوەشی خستەڕوو: تیمی ڤێتێرنەری سەردانی نەخۆشەكەیان كردوەو سامپڵی لێوەرگیراوەو رەوانەی تاقیگەی ناوەندی كراوە لەبەغدا بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەنجامی پشكنینەكە كە گومان دەكرێت پەتاكەی بێت، دەبێت گرتنەبەری رێكاری پێویستیش لەگەڵ ئەوانەی مامەڵەیان لەگەڵ نەخۆشەكە كردوە بگیرێتەبەرو پشكنینیان بۆ بكرێت.
بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر دەشڵێت: پێویستە هاوڵاتیان لەو شوێنانە گۆشتی ئاژەڵ بكڕن كە مۆری لێدراوەو بەپێی رێنماییە تەندروستییەكان سەربڕدراوە، چونكە گواستنەوەی ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون لەڕێی گەنەوە دەبێت كە بەئاژەڵەوەیە یان كەسێكی توشبووە، نیشانەكانیشی بەرزبونەوەی تاو سەرئێشەو رشانەوەو سك ئێشەیە.
باسی لەوەشكرد كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەرییەوە رێكاری پێویست گیراوەتەبەر، بەتایبەت سەربڕینی ئاژەڵ كە دەبێت تەنها لەگوشتارگە رەسمییەكان بێت و رێگری لەوەی كە لەدەرەوەی كوشتارگەكان ئاژەڵ سەرببڕدرێت، چونكە لەناوەڕاست و باشوری عیراق چەندین حاڵەتی تای خوێنبەربوون و گیان لەدەستدان تۆماركراوە.