لە (24) كاتژمێری رابردوودا، دوو ژن لەشاری هەولێرو دهۆك لەلایەن مێردەكانیانەوە دەكوژرێن.
هێمن سلێمان وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆك، ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: هێزەكانی پۆلیس لەبونی تاوانێكی كوشتن لەسەنتەری پارێزگای دهۆك ئاگاداركرانەوە، پاش گەیشتنی هێزەئەمنیەكانیش بۆ شوێنی روداوەكە دەركەوت، كەسێك هاوسەرەكەی خۆی كوشتوە، لەئێستاشدا هێلكاری بۆ شوێنی روداوەكە كراوە و پەڕاوی لێكۆڵینەوە كراوەتەوە.
وتیشی: “هاوسەری ژنە كوژراوەكە كە تۆمەتباری سەرەكی روداوەكەیە، دەستبەجێ دوای تاوانەكەی خۆی رادەستی هێزەكانی پۆلیس كردوە و دانی بەوەداناوە كە بەهۆی دروستبونی كێشەیەك لەماڵەكەیدا و دروستبونی دەمەقاڵێ هاوسەرەكەی خنكاندوە و كۆتایی بەژیانی هێناوە”.
ئاشكراشیكرد : “پیاوەكە تەمەنی 32 ساڵە و ژنەكەش تەمەنی 28و خاوەنی منداڵێكن”.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەئێستادا بەبڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عێراقی، تۆمەتباری سەرەكی دەستگیركراوە و لێكۆڵینەوەی لەگەڵ ئەنجامدەدرێت.
دوێنێش پۆلیسی هەولێر دەستگیركردنی پیاوێكی راگەیاند كە خێزانی خۆی كوشتووە.
هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند: دوای ئاگاداركردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بەبونی روداوێكی كوشتن لە گەڕەكی تەعجیلی نوێ لە سنوری ناحیەی شەمامك، دەست بەجێ هێزەكانمان گەشتنە شوێنی روداوەكە و دەركەوت ژنێكی تەمەن (٣٣) ساڵ، كوژراوە.
ئاماژەی بەوەشكرد: دوای بەدوواداچون بۆ روداوەكە، بە كەمتر لە (٥) كاتژمێر هاوسەرەكەی بەناوی (ا. ڤ. م.) دەستگیر كراوە كە لە ئاكامی ڕودانی دەمەقاڵی لە نێوانیان لەسەر كێشەی خێزانی لێیداوە و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.