موقەدەم هۆگر عەزیز، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، ئەو تۆمەتبارەی بووە هۆكاری ئەوەی كچە خوێندكارێك لە باڵەخانەیەكی بەرزەوە خۆی هەڵبداتە خوارەوە و كۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت دەستگیركرا.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، ئەو تۆمەتبارە هەڕەشەی لە چەندین كچ و ژن كردووە و بەهۆیەوە ژیانی چەندین كەس لە مەترسیدا بووە، هەر ئەویش بووەتەهۆی ئەوەی كچە خوێندكارەكەی هەولێر كۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت.
وتیشی، “دوابەدوای ئەوەی لە 19ی 4ی 2022 كچێك لە هەولێر ون بووبوو بەناوی ئاریان محەمەد خەلیل، كە قوتابی بوو لە پەیمانگای پۆڵیتەكنیك، باوكی هات داوای یاسایی تۆماركرد و ئێمەش بەدواداچوونمان كرد، لە 21ی 4 تەرمەكەی لە یەكێك لە بینا تەواونەكراوەكانی ناو شاری هەولێر دۆزرایەوە و خۆی هەڵدابووە خوارەوە”.
بەوتەی هۆگر عەزیز “دوای ئەوەی زانیاریمان لە باوكی وەرگرت كە ئایا كەس هەبووە ببێتە پاڵنەر بۆ ئەوەی ئەو كارە بكات، دواتر لە شوێنی خوێندنەكەی پرسیارمان كرد دەركەوت كەسێك هەبووە بەردەوام هەڕەشەی لە ژیانی كردووە، دواتر لەڕێی ئەكاونتێكەوە لە فەیسبووكەكەی زانیمان ئەو كەسە كێیە كە هەڕەشەی لێكردووە”.
ئەوەشی خستەڕوو، “لەدوای لێكۆڵینەوە لەگەڵ كەسی تاوانبار دانی بەوەدا نا كە بەردەوام هەڕەشەی لەو كچە كردووە و بووەتەهۆكاری گیان لەدەستدانی، لەگەڵ دانپێدانانەكەی و دەست بەسەردا گرتنی مۆبایلەكەی دەركەوت چەندین كچ و ژنی دیكە لەژێر ئەو هەڕەشەیەدا بووە”.