كوشتارگەی نوێی سلێمانی دڵنیایی دەداتە هاوڵاتیان كە ناهێڵن تای خوێنبەربون رو لێرە بكات و داواش لە هاوڵاتیان دەكات هاوكاریان بن و گۆشتی سەر جادەو شەقامەكان نەكڕن.
كوشتارگەی نوێی سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە، لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند: “دڵنیابن هەتا ڕۆڵەكانتان هەبن لەكوشتارگەی نوێی سلێمانی و سەرجەم كوشتارگەكانی كوردستان، ناهێڵین ئەم پەتا نەگریسەی (تای خوێنبەربون) ڕو لێرە بكات و ڕۆڵەكانتان هێڵی یەكەمی بەرگرییەكی تۆكمەو توندوتۆڵ دەبن بۆ پێشگیری لەم پەتایە”.
دەشڵێت: “تكایە ئێوەش هاوكارمان بن و بەهیچ شێوەیەك گۆشتی سەرجادەو شەقامەكان مەكڕن كە پشكنینی بۆ نەكراوە و تەنها خوا دەزانێ كە چیەو چۆنە!؟”.
لەگەڵ رونكردنەوەكەیدا كوشتارگەی نوێی سلێمانی چەند وێنەیەكی بڵاوكردۆتەوەو وتوشییەتی: “وێنەی چەند ئاژەڵێكە لە كوشتارگەی نوێی سلێمانی كە بەهۆی هەبونی گەنەوە لەلایەن ستافی پزیشكیی پێش سەربڕین ڕەتكراونەتەوە”.