بەڕێوەبەری كەشناسی سلێمانی راگەیاند: كاریگەریی شەپۆلی خۆڵبارین تاوەكو سبەینێ بەردەوام دەبێت و هەنگاو بە هەنگاو كاریگەرییەكەی كەمدەبێتەوە.
ئاسۆ كەمال بەڕێوەبەری كەشناسی سلێمانی رایگەیاند: شەپۆلی خۆڵبارینەكە ناوەڕاست و باشوری عێراق و سنوری سوریای گرتووەتەوە، كاریگەرییەكەشی زیاتر لەسەر ناوەڕاست و باشوری عێراق دەبێت.
هۆكاری زۆری خۆڵبارین لەمساڵدا چییە؟
بەڕێوەبەری كەشناسی سلێمانی باسی لەوەكردوەخۆڵبارین دەرئەنجامی هاتنی بارستە هەوای ساردە بۆ ناوچەی بارستە هەوای گەرم، كە ئەوەش جیاوازی لە سیتیمی پەستانی ناوچەكە دروستدەكات و دەبێتە هۆكاری خۆڵبارین.
ئاماژەی بەوەشكرد: هۆكاری ئەوەی دەبێتە خۆڵبارین بەشێكی بەهۆی كەمی بارانبارینەوەیە لەو ناوچانەی سەرچاوەی سەرەكی خۆڵبارینن.
وتیشی: لەو ناوچانەدا بڕێكی كەم بارانباریوە و بووەتە هۆی لاوازبوون و فشەڵبوونی زەوییەكەی، بەوەش كاتێك ئەو گۆڕانكارییە لەسیستمی پەستانی ناوچەكە دروست دەكات، بە ئاسانی با تەپوتۆز هەڵدەگرێت و دەیگوازێتەوە.