بۆ ئامادەكاری بەشداریكردن لە پاڵەوانێتی جامی عەرەب و یانەكانی وڵاتانی عەرەب، پەریا مەحمود كچە یاریزانی كوردی هەڵبژاردەی یارییە سیانییەكانی عێراق بەشداری كەمپی مەشق و راهێنان لە شاری هەولێر دەكات.
پاش تاقیكردنەوەی لەلایەن یەكێتی یارییە سیانییەكانی هەڵبژاردەی عێراقەوەو بە مەبەستی دروستكردنی هەڵبژاردەكەیان بۆ بەشداریكردن لە نوێترین پاڵەوانێتییەكانی دەرەوە، پەریا مەحموود توانی سەركەوتن مسۆگەر بكات و وەك تاكە كوردێك لەسەر ئاستی كچان پەیوەندی بەهەڵبژاردەكەوە بكات.
بەشداریكردنی ئەو كەمپەش سبەینێ سێشەممە دەبێتو دواتر دەچێتە وڵاتی میسر بۆ بەشداری لە پاڵەوانێتی جامی عەرەب وەك یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق و هاوكات بە ناوی یانەی سلێمانیەوە لە هەمان وڵات بەشداری پاڵەوانێتی یانەكانی عەرەب دەكات.
پەریا تەمەنی 12 ساڵە یاریزانی یارییە سیانیەكانی یانەی سلێمانیەو لە ماوەی رابردوو وەكو تاكە كچێكی كورد توانی لەپاڵەوانێتی یارییە سیانییەكان لەسەر ئاستی عیراق پلەی یەكەم بەدەست بهێنێت.