د. سیروان محەمەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دا لەبارەی گیان لەدەستدانی ژنێك لەكاتی نەشتەرگەری مناڵبون دا لە نەخۆشخانەیەكی قەزای كەلار وتی: داوا لە هاوڵاتیان دەكەم دور بكەونەوە لە داواكاری نەشتەرگەری مناڵبون، ئەمەی رویداوە یەكێكە لە لێكەوتە خراپەكانی مناڵبون بە نەشتەرگەری.
ئاماژەی بەوەشكرد: زۆرجار ژنان فشار دەكەن لە پزیشكەكان ئیتر چ لە نەخۆشخانە حكومییەكان بێت یان ناحكومییەكان، بۆ ئەوەی مناڵەكانیان بە نەشتەرگەریی ببێت، كە بەوتەی خۆی ئەمەش كارێكی خراپە و لێكەوتەی بۆسەر تەندروستی خودی ژنەكە هەیە.
رۆژی سێشەمە (24/5/2022) ژنێكی تەمەن 30 ساڵ، لە نەخۆشخانەی لایفی تایبەت لە كەلار، لەكاتی نەشتەرگەری مناڵبون دا گیانی لەدەستداو تەرمەكەی نێردرا بۆ پزیشكی دادی سلێمانی بۆ توێكارییكردن، هاوكات تەندروستی گەرمیانیش لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی لە روداوەكە پێكهێناوە.
نەشتەرگەریی مناڵبون كە ناوە زانستیەكەی “نەشتەرگەری قەیسەرییە”، بریتیە لە دروستكردنی درزێك لە سك و مناڵدانی ژن بەمەبەستی دەرهێنانی مناڵەكەی. بەگشتی ئەم نەشتەرگەرییە لەوكاتانەدا پەنای بۆ دەبرێت كە ژنەكە ناتوانێت بە شێوازی سروشتی مناڵی ببێت یاخود مەترسی لەسەر دایكەكە یان مناڵەكە دروست ببێت، بەڵام لە كوردستان دا ژنان بەمەبەستی نەبینینی ئازاری ژانی مناڵبون و زو دەرهێنانی مناڵەكەیان، پەنا بۆ نەشتەرگەری قەیسەری دەبەن، بەوهۆیەشی لە نەخۆشخانە حكومییەكان رێكاری ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكە قورسە، بۆیە ژنان لە نەخۆشخانە تایبەتەكان پرۆسەكە ئەنجام دەدەن.
بەپێی ئاماری تەندروستی گەرمیان، لە ساڵی رابردودا 5 هەزار و 894 مناڵ لەدایكبون، لەو رێژەیە 3 هەزار و 543 مناڵیان بە نەشتەرگەری هاتونەتە دونیاوە، واتا زیاتر لە نیوەیان.