لەبەڕێوەبردنی كارەكاندا هەمیشە ژنان خاوەنی تواناو هێزی خۆیان بوونو توانیویانە گرفتو بەربەستەكانی بەردەمیان ببڕنو خزمەتو توانای خۆیان پیشان بدەن، لەسنوری شارۆچكەی خانەقین، ژنێك كاروباری هاوڵاتیان لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم جێبەجێی دەكات و وەك خۆی ئاماژەی بۆ دەكات، توانیویەتی بێ جیاوازی كار بۆ هەمووان بكات.
خانەقین، یەكێكە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و لەچوارچێوەی پرۆژەی مادەی 140دایە، لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە وەزارەتێك بۆكاروباری ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دانراوەو لەئێستادا ژنێك ئەو پۆستە بەڕێوەدەبات.
ڕەوا عیزەدین، بەڕێوەبەری نووسینگەی خانەقینی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بۆ تۆڕی میدیایی تەوار وتی: “كاری ئێمە هەماهەنگیو سەرپەرشتیكردنی خەرجكردنی تێچوی ئەو پرۆژانەیە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامی دەدات”.
وتیشی: “ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم پۆستێكی گرنگە بۆ كوردو ئەتوانین لەم ڕێگەیەوە خزمەتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمی پێ بكەین، لەهەمان كاتدا دەرخەری تواناكانی ژنانی كورد پیشان دەدات”.
ڕەوا دەڵێت: “ئەم كارە لێهاتووی دەوێت، چونكە كارەكان بەزۆری دەكەونە دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان و لەو ناوچانە كاردەكەی كە دەكەونە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندی و ئاشكرایە مامەڵەی حكومەتی ناوەندی لەگەڵ لایەنی كوردی چۆنە، بۆیە كەسێك دەبێت ئەو پۆستە بەڕێوەببات توانای ئیدارەدانی هەبێت، بۆ من وەك ژنێك ئەو پۆستە بەڕێوەدەبەم قورسە، بەڵام ئیرادەی ژنبوونم هانم دەدات بەهێزترین بم”.
سەبارەت بەكاركردنو ئاستەنگەكانی بەردەمی، ڕەوا وتی: “ئەوەی پێم كرابێت كردومەو درێغیم نەكردووە لەخزمەتكردن بەهاوڵاتیانی خانەقینو دەوروبەری و پرۆژەكانمان دەرخەری ئەو ڕاستیەنو لەهەر بوارێكدا بتەوێت كار بكەیتو خزمەت بكەیت، بێگومان ئاستەنگت بۆ دروست ئەبێت، بەڵام ئەو ئاستەنگانە لەبەردەم ئیرادەو دڵسۆزی ئێمەدا بۆ كارەكەمان زۆر بچوكنو نەیان توانیوە لە كارو خزمەت بمانوەستێنن”.
باسی لەوەشكرد: دەمەوێت برەو بەكارەكەم بدەمو ئەو نمونەیە پیشان بدەم كە ژنانیش ئەتوانن لەكایەی ئیداریو سیاسیدا ئەو بەرپرسیارێتیانەی ئەكەوێتە سەرشانیان سەركەوتوبن تێداو هیچ بەربەستێك نەیان وەستێنێت، بێگومان بونی ژنان لەناوەندەكانی بڕیاردان زۆر گرنگەو پێویستە هیچ شتێك تواناكانی ژنان ڕانەگرێت.
سەبارەت بەوەی چۆن بۆ ئەم پۆستە هەڵبژێردرای، ڕەوا وتی: “سەرەتا فەرمانبەر بووم لەم فەرمانگەو دواتر كرامە لێپرسراوی نوسینگەو دوای ماوەیەك بەهۆی دڵسۆزی و دەسپاكیو تواناكانی خۆمەوە لە لایەن وەزارەتەوە تەكلیف كراوم بۆ ئەو پۆستەو وا ماوەی شەش ساڵە ئەو كارە بەڕێوەدەبەم و ئێستاش بەردەوامم لەكارەكەم، خۆ ئەگەر كەسێكی بێ توانا بوومایە لادەدرام”.
ڕەوا دەڵێت: بێگومان لێپرسراوێتی كەوتنە سەرشانت كێشەو گرفت دێتە بەردەمت گرنگ ئەوەیە كۆڵ نەدەیتو بەردەوام بیت، هاوسەركەم پشتگیرو پشتیوانمەو توانیومە بەسەر كێشەو گرفتەكاندا زاڵبمو بەهۆی دڵسۆزی و جیاوازی نەكردنم لەكارەكەم تا ئێستا هیچ مەترسیەك وهەڕەشەیەكم بۆ دروست نەبووە”.