۳۱ی ئایار ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەكێشان و بەكارهێنانی توتنە و لەساڵی ۱۹۸۷ لەلایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی دیاری كرا بۆ ڕاكێشانی سەرنج لەسەرئاستی نێودەوڵەتی بۆ ئەو كاریگەرییە نەرێنی و زیان بەخشانەی جگەرەكێشان و بەكارهێنانی توتن دروستی دەكات لەسەرجەم ڕووەكانەوە.
لەرۆژی ۳۱ی ئایاری هەموو ساڵێك رێكخراوی تەندروستی جیهانی و هاوبەشەكانی یادی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی لەجگەرەكێشان دەكەنەوە بۆ تیشكخستنەسەر مەترسیە تەندروستیەكان و مەترسی و زیانەكانی پەیوەستن بەجگەرەكێشان و داواكردنی دانانی سیاسەتێكی چالاك بۆ دانانی سنوورێك بۆ بەكارهێنانی توتن.
ئامانجی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەكێشان بۆ بیرخستنەوەی گەلانی جیهانە لەو مەترسیانەی ئەو خووە ناتەندروستە دروستی دەكات لەسەر ژیانی تاكەكانی كۆمەڵگە لەڕووی تەندروستی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و چالاككردنی رێوشوێنەكانی بەرەنگاربوونەوە و كۆنترۆڵكردنی ئەم دیاردە مەترسیدارە.
یەكێك لەئامانجە بنەڕەتیەكانی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەكێشان بریتیە لەكەمكردنەوەی رێژەی گیان لەدەستدان بەهۆی جگەرەكێشانەوە كە ساڵانە چەندین ملیۆن حاڵەتی گیان لەدەستدان بەهۆی كاریگەری جگەرەكێشانەوە لەسەرتاسەری جیهان تۆماردەكرێت.
لەساڵی ۱۹۸۸وە رێكخراوی تەندروستی جیهانی خەڵاتی دیاری كردووە لەرۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەكێشان بۆ ئەو رێكخراو و كەسانەی یارمەتی بەرچاوو دیار و چالاكیان پێشكەش كردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەكارهێنانی توتن.
لەساڵی ۲۰۰۸ رێكخرای تەندروستی جیهانی داوای قەدەغەكردنی تەواوەتی ریكڵامی جگەرەی كرد و ئاماژەی بەوەكرد بەپێی لێكۆڵینەوەكان دەركەوتووە پەیوەندییەكی بەهێز هەیە لەنێوان ڕیكلام كردن بۆ بەرهەمەكانی توتن و سەرەتای دەستپێكردنی جگەرەكێشان.
رێكخراوەكە هانی حكومەتەكان و دەسەڵاتداران و كۆمەڵە و گروپەكان دەدات لەسەرتاسەری جیهانەوە بۆ رێكخستنی چالاكی لەرۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەكێشان لەپێناو هاندانی زیاتری خەڵكی بۆ دووركەوتنەوە لەجگەرەكێشان و بڵاوكردنەوەی هۆشیاری زیاتر لەبارەی مەترسیەكانی.
ساڵی ڕابردوو رێكخراوی تەندروستی جیهانی دروشمی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەكێشانی دیاری كرد بەپابەندبوون بەوازهێنان لەجگەرەكێشان لەكاتی پەتای كۆرۆناو دروشمی ئەمساڵی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەكێشان بریتیە لە پاراستنی ژینگە، چونكە دووكەڵی جگەرە دەبێتە هۆی دەردانی دەیان ملیۆن تۆن غازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن بۆ ناو بەرگەهەوا.
بەپێی ئامارەكان ساڵانە زیاتر لەهەشت ملیۆن كەس لەسەرتاسەری جیهان بەهۆی بەكارهێنانی توتن و جگەرەكێشان گیان لەدەست دەدەن و ئەگەر ڕێژەی بەكارهێنانی توتن بەمشێوەیە بەردەوام بێت ئەوا پێشبینی دەكرێت ژمارەی قوربانیان بەشێوەیەكی گەورە زیاد بكات.
بەپێی ئاماری رێكخراوی تەندروستی جیهانی جگەرەكێشان دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی یەك كەس لەكۆی دەكەسی پێگەیشتوو لەسەرتاسەری جیهان.