ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

كێشە بەرۆكی نەخۆشخانەی هیوا بەرنادات

ئەمڕۆ بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دەستەی داكۆیكارانی نەخۆشخانەی هیوا و بەڕێوەبەرایەنی نەخۆشخانەی هیوا كۆبوونەوە، دوای كۆبوونەوەكەش لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا كێشەكانی نەخۆشخانەی هیوا خرانەوە ڕوو.

لە كۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەكدا د.یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ڕایگەیاند: ماوەی نزیكەی هەشت مانگە تەنانەت دەرزیەكیش بۆ نەخۆشخانەكە نەكڕدراوە، ماوەی شەش مانگە كارمەندانی نەخۆشخانەكە شایستە داراییەكانیان وەرنەگرتووە، پێشبینی دەكەن هەفتەی داهاتوو كارمەندەكان ئیتر نەتوانن كاربكەن.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: ئێستا بەهۆی نەبوونی پارە لە بانكی باخاندا، هیچ چەكێك لەو بانكە ناكرێت، هەروەها لە بانكەكانی دەرەوەی پارێزگای سلێمانی بۆ نەخۆشخانەی هیوا هیچ پارەیەك تەرخان ناكرێت.

دەشڵێت : ئەگەر هەمووان بە جدی كار بكەن كێشەی نەخۆشخانەكە چارەسەر دەبێت.

هاوكات د.بەمۆ محەمەد بەڕێوەبەری سەنتەری ژیانەوە، ئەوەی خستەڕوو كە سەنتەرەكە نەخۆشانی سەرجەم هەرێمی كوردستان چارەسەر دەكات، سەرەگرتن بۆ چارەسەری تیشك گەیشتووەتە شەش مانگ، هەندێك لە نەخۆشەكان لە سەرەگرتندا گیان لەدەستدەدەن.

ئەو ئامێرانەی كە چارەسەرەكەیان پێدەكرێت، بۆ ماوەی ١٠ ساڵن كە هەر ڕۆژێك نزیكەی ٣٠ نەخۆشی چارەسەر بكرێت، بەڵام لە سەنتەری ژیانەوە ماوەی ١٢ ساڵە ئەم ئامێرانە كاری پێدەكرێت و ڕۆژانە نزیكەی ٧٠ كەس چارەسەر وەردەگرێت.

هاوشێوە

ڤیدیۆ