نەخۆشییەكی ڤایرۆسییە، لەرێگەی ئاژەڵەوە دەگوازێتەوە بۆ مرۆڤ بەهۆی بەركەوتنەوە، دواتر لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر لە رێگەی شلەو خوێنەوە دەگوازرێتەوە.
نەخۆشییەكە لە ڕێگەی ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1944 لە جەنگی جیهانی دووەمدا سەری هەڵداوەو 40%ی ئەو كەسانەی تووشی دەبن رووبەڕووی مەرگ دەبنەوە.
هۆكارەكانی گواستنەوەی ڤایرۆسیی تای خوێن بەربوون بۆ مرۆڤ:
1- ئەگەر مێشولەیەك یاخود گەنەیەك هەڵگری ڤایرۆسەكە بە مرۆڤەوە بدات، ئەوا مرۆڤەكە تووشی تای خوێن بەربوون دەبێت، یان مرۆڤ مێشولەكە بگرێت و بیكوژێت و خوێنەكەی بەر مرۆڤ بكەوێت، تووشی نەخۆشییەكە دەبێت.
2- ڤایرۆسەكە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، لە رێگەی سەربڕینی ئاژەڵی تووشبووەوە، كاتێك خوێنەكەی بەر مرۆڤ دەكەوێت، یاخود لە رێگەی خواردنی بەروبوومی ئاژەڵی تووشبووەوە، بەڵام ئەگەر شیری ئاژەڵ باش بكوڵێنرێت، ئەوا هیچ ڤایرۆسێكی تێدا نامێنیت، هاوكات گۆشتی ئاژەڵ بەهۆی كوڵاندنەوە ڤایرۆسەكەی تێدا نامێنێت.
نیشانەكانی
1- لە ماوەی سێ بۆ حەوت رۆژدا نیشانەكانی دەردەكەونو نەخۆشەكە تایەكی بەرزی دەبێت، هەموو جەستەی مرۆڤ ئازاری هەیە، بە تایبەت ئازار لە پشت و ملی دروست دەبێت، لەوانەیە نەخۆشەكە تووشی سكچوون و ڕشانەوە ببێت، لە قۆناغەكانی كۆتایشدا خوێن بەربوون دەستپێدەكات.
2- دواتر نەخۆشەكە لە دەم و لووتییەوە خوێن بەردەبێت، پاشان لە پشتیشی پەڵەیەكی خوێن بەربوون دەردەكەوێت، لەوكاتەشدا دەبێت چارەسەر بكرێت.
ڕێگەكانی خۆپاراستن لە نەخۆشی تای خوێن بەربوون:
1- دووركەوتنەوە لە سەربڕینی ئاژەڵ لە سەر شەقامەكان بە رێگەی نایاسایی.
2- ئەو كەسانەی گۆشت دەفرۆشن، دەبێت سەرجەم رێنماییە تەندروستییەكان پەیڕەو بكەن، وەك بەكارهێنانی دەستكێش و جلوبەرگی تایبەت، هاوكات بەكارهێنانی دەرمانی دژە مێروو، بۆ ئەوەی نزیك نەبنەوە لە ئاژەڵەكان، ئەو كەسانەش كە سەردانیان دەكەن بەمەبەستی كڕین دەبێت ئاگاداربن و زۆر نزیكی شوێنە پیسەكان نەكەون و بەوشیاری مامەڵە لەگەڵ گۆشتدا بكەن.
3- پێویستە مرۆڤ خۆی لەو ئاژەڵانە دوور بخاتەوە، كە گەنەو مێشولەیان لە سەر لاشەی نیشتووەو خوێنی ئاژەڵەكان دەمژن و دواتر بە مرۆڤەوە دەدەن و خوێنەكە بۆ مرۆڤ دەگوازنەوە.
لە لایەكی ترەوە رێكخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) لە پرۆژەیەكدا كۆشش دەكات بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری تەندروستی لەسەر ڤایرۆسەكە لەناو هاوڵاتیانداو هاوكات بەهاوكاری تەندروستی وڵاتان بەرنامەیەكی ئامادە كردووە بە تایبەت لە وڵاتانی ئەورووپاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیاو ئەفریقیا، بە مەبەستی بنبڕكردنی ئەو هۆكارانەی كە دەبنە هۆی بڵاوكردنەوەی ڤایرۆسی نەخۆشیەكە لە رێگەی دۆزینەوەی دەرمانی دژە ڤایرۆسی و گرنگیدان بە پاك و خاوێنی ئەو شوێنانەی كە ئاژەڵ و پەلەوەریان تێیدا بەخێو دەكرێت.