بە بەشداری یەكێتی ژنانی كوردستانو كۆمەڵێك لەیاساناسو پارێزەر و چالاكوان و فیدراسیۆنی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە شاری سلێمانی، ئەمڕۆ لەبەردەم دادگای سلێمانی بەدروشمی (شكۆی دادگا هێڵی سوورە و نابێت لەژێر هیچ پاساوێكدا بشكێنرێت) بەیاننامەیەكی هاوبەشیان سەبارەت بەروداوی رۆژی ١٣ی ئەم مانگە كە لە ناو حەرەمی دادگای سلێمانیدا هێرش كرایە سەر چەند ژنێك خوێندەوە.
لەبەیاننامەكەدا ئیدانەی ئەو كارەیان كردوە و داوایان كرد كە تاوانباران كە لەو رووداوەدا دەستیان هەبووە بە سزای خۆیان بگەنو بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت.
هەر لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: “مامەڵەی نامرۆڤانەو بەكارهێنانی توندوتیژی لەناو حەرەمی دادگا، هێڵی سورەو بێڕێزییەكی زۆر گەورەیە بەرامبەر كەرامەتی مرۆڤو شكۆی دادگا و یاسا، پێویستە دامودەزگاكانی لێكۆڵینەوە، لێكۆڵینەوەیەكی یاساییو بێلایەن و پیشەیی بكەن و تاوانبارانیش سزای یاساییو شایستەی خۆیان وەربگرن”.
بەیاننامەكە باسی لەوەشكردووە: “جارێكی دیكە ئەوە بە بیری فەرمانڕەوایانو لایەنە پەیوەندیدارەكان دەهێنینەوە كە ئەمە یەكەمجار نییە دۆخی نەخوازراوی لەمشێوەیە روودەداتو هیچ دەرئەنجامێكی چاوەڕوانكراویش لەروداوەكانی پێشوتردا بەدی نەهاتووە، هەر ئەمەشە وایكردووە ئەم حاڵەتانە ببنە دیاردەو چەندینجار دووبارە ببنەوە، هەربۆیە داواكارین ئەم روداوە ببێتە خاڵێكی وەچەرخان بۆ رێگریكردنو دووبارە نەبوونەوەی ئەم جۆرە روداوانە”.
پروشە فەیسەڵ