ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

ئەندامان‌و كادرانی یەكێتی ژنانی كوردستان، پیرۆزبایی لەژیانەوە دەكەن‌و پێشنیاریان هەیە

لەیوبیلی زیونی ژیانەوەدا، خوێنەرەكانی پیرۆزیایی (25) ساڵەی دەرچوونی دەكەن‌و سەرنج‌و پیشنیاریان هەیە.

سروە محەمەد/ لانەی ئارام

دەستانخۆش بێت و هەمووكات سەركەوتووبن بۆ ئەوانەی كە بەردەوامیاندا بە ژیانەوە كە وەك ماڵێكی هەمیشە كراوە سەیری دەكەم بۆ هەموو ئەو كەسانەی كە دەیانەوێت لەرێگەی پێنووسەوە بیرورایان خزمەت بە ژن و ژیان دەكەن.

لەرووی بابەتەوە زۆرباشە‌و پێمباشە زیاتر جەخت بكرێتەوە لەسەر كێشەكانی ژنان‌و چارەسەركردنی‌و رۆشنبیر كردنی ژنان لەرووی یاسایی و كۆمەڵایەتیەوە‌و چۆنییەتی مامەڵەكردن لەناو خێزان و پەروەردەو تەندروستییەوە.

بەیان ئەحمەد/ كادری یەكێتی ژنانی كوردستان

تا رادەیەكی باش بابەتەكان بەهێز و بەپێزن لە ماوەی ئەم ٢٥ ساڵەدا خزمەتی بە ژنان كردوە دەستانخۆش بێت و سەركەوتووبن.

منیرە ئەبوبەكر/ ئەندامی سكرتارییەتی یەكێتی ژنانی كوردستان

لە یادی ٢٥ ساڵەی دەرچوونی یەكەم ژمارەی بڵاوكراوەی ژیانەوەدا جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سەرنووسەر و دەستەی بەرێوەبردنی ئەم بڵاوكراوە ئازیزە ئەكەم.

ژیانەوە یەكەمین بڵاوكراوەی ژنانە بوو لەوكاتەدا كە زۆر دڵخۆشكەربوو بۆ تەواوی ژنان كە بڵاوكراوەیەكی ئاوا دەربكەن و ژنان خۆیان تیادا ئازادی و دیموكراتی و بەپێی پرەنسیبی رۆژنامەگەری نوسینەكان و بڵاوكراوە خامەیەكانی خۆیان بڵاوبكەنەوە‌و باس لە ئازادی و مەینەتیەكانی ژنان بكەن و بابەتی جۆراوجۆر بنوسن بۆ وشیاركردنەوەی ژنان و كاروچالاكیەكانیان بڵاوبكەنەوە، سەرەتایەكی زۆر جوان بوو، ماوەی ٢٥ ساڵە بەبێ دابران بەردەوامە ئەكەوێتە بەرچاوی خوێنەرانی‌و ئەگاتە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی كوردستان، ئەتوانن خوێنەرانی بەشێوەی ئەلكترۆنی پێیان بگات وە كوردانی هەندەرانیش سوودمەندبن لێی.

دیارە ئەوەش قۆناغێكی باشە بۆ ئەم رۆژنامە ئازیزە، من وێرای بوونی هەندێ سەرنج هیوای سەركەوتنیان بۆ ئەخوازم دەستی ماندووبوونیان ئەگوشم‌و داواكارم زیاتر كوالێتی رۆژنامەكە باش بكەن‌و هەوڵ بدرێت بەشێوەی چاپ زیاتر بڵاوبكرێتەوە، دەستی ئەو نوسەرە ژنانە بگرن كە تازەن لەبواری نوسیندا بەرهەمەكانیان بۆ بڵاوبكەنەوە، گۆشەیەك بۆ بڵاوكردنەوەی كاروچالاكی لقەكانی ژنان تەرخان بكەن، لەگەڵ هەر ژمارەیەك گفتوگۆی ئەزموونی ژنێكی چالاكی كاركردن لەبواری ژناندا بڵاوبكەنەوە، لەرووی رووداوەكانەوە هەوڵ بدرێت زوو بڵاوی بكەنەوە و بەروونی و سەرچاوەی تەواو.

ئیبتسام سیمین / كادری بەشی كۆمەڵایەتی

گۆشەكان زیاد بكرێت و هەمەرەنگ بێت‌و بابەتی خواردن‌و جوانكاری‌و تەندروستی زیاد بكرێت‌و بابەتەكان زۆر دووبارە نەبێت‌و هەواڵی ئینتەرنێت لە رۆژنامەكە بڵاونەكرێتەوە، چونكە گەرما‌و گەرم نابێت بەهۆی كاتی دەرچوونی رۆژنامەكە كە ٢ هەفتە جارێك دەرئەچێت، هەروەها وەكو جاران بڵاوبكرێتەوە بە هەموو شار‌و شارۆچكەكانی كوردستان.

پاكیزە جەلال كەریم / كادری بەشی كۆمەڵایەتی

دەست خۆشیتان لێدەكەم بۆ دەرچوونی رۆژنامەی ژیانەوە كە دەیخوێنینەوە سوودی لێ وەردەگرین، هیوادارم كە سەركەوتوو بێت‌و پێویستە بەردەوام بن بۆ پەرەپێدانی هەندێك روونكردنەوە كە بۆ ژنان سوودی هەبێت كە لە دادگا گۆڕانكاری كراوە لە هەندێك لە یاساكان بەتایبەتی یاسایی توندوتیژی كە بەرامبەر ژنان دەكرێت.

گەلاوێژ حەمە/ كادری بەشی كۆمەڵایەتی

ژیانەوە مێژووییەكی خۆی هەیە‌و كاری باشی تیاكراوە، بەڵام ئێستا بەهۆی تەكنەلۆجیا و میدیایی ئەلكترۆنی كەمتر بەردیدی خوێنەران ئەكەوێت، بۆیە پێویستە هەوڵ بدرێ رۆژنامەكە لەرووی دیزاینەوە گۆڕانكاری بەسەردا بێت‌و بابەتەكانی بەشی بۆ زیاد بكرێت وەكو هەواڵە گەرمەكانی رۆژانە كە سەرنجی خەڵك رائەكێشێت‌و چاوپێكەوتن لەگەڵ خەڵكی بە ئەزموون و گێرانەوەی بەسەرهاتەكانی خەڵكی لەروی مێژو‌و كۆمەڵایەتیەوە بەتایبەتی ژنان كە رۆڵی گرنگیان هەبووە، هەروەك بابەتی تەندروستی زیاد بكرێت‌و چاوپێكەوتن لەگەڵ دكتۆرەكان بكرێت‌و گەران بەدوای رێگەیەك كە بە ئاسانی رۆژنامەگە بگاتە دەست هەموو كەس بەتایبەتی ژنان‌و لەلای خۆشمان هەموو ئەندامێك چەند دانەیەكی بدرێتێ‌ بۆ ئەوەی بڵاویبكاتەوە بەناو خێزانەكەی خۆیدا‌و رۆژنامەنوسێك تەرخان بكرێت رۆژانە بۆ ئەو رووداوانەی كە كتوپر رووئەدەن ئامادەیی هەبێت بۆ هەموو رووداوەكان.

سۆنیا كامیل / كادری یەكێتی ژنانی كوردستان

پیرۆزبایی لە ساڵیادی رۆژنامەی ژیانەوە لە سەرنوسەر و ستافی رۆژنامەكە و خوێنەری ژیانەوە دەكەم، هیوای بەردەوامی بۆ ژیانەوە دەخوازم، ماوەی چەند ساڵێك لەو رۆژنامەیە كارمكردوە و هیوادارم بە گۆڕانكارییەوە بەردەوام بێت.
ژیانەوە تایبەتمەندی خۆی هەیە و بەپێی ئامارەكانی سەندیكاری رۆژنامەنووسان لە كۆی ٩٠٠ چاپكراوی رۆژنامە‌و گۆڤار ئێستا ١٢ چاپكراو دەردەچێت كە رۆژنامەی ژیانەوەش یەكێكە لەو ١٢ ژمارەیە ئەمە جێگەی شانازییە بۆ ژیانەوەو بۆ خوێنەری رۆژنامەكەش دووبارە پیرۆزە.

بەیان محەمەد/ بەرپرسی كۆمیتەی ژنانی سەرچنار

بەبۆنەی یادی دامەزراندنی رۆژنامەی ژیانەوە پیرۆزبایی ئاراستەی هەموو كارمەندانی ئەكەم‌و هیوادارم هەر سەركەوتووبن، من ژیانەوە بەوە وەسف ئەكەم كە رۆژنامەی ژیانەوە چاوی رێكخراوەكەمانە و هەر سەركەوتووبن.

لەیلا عەبدوڵا/ ئەندامی سكرتارییەت‌و بەرپرسی لقی سلێمانی یەكێتی ژنانی كوردستان

سەرەتا بەناوی خۆم و سەرجەم ئەندام و كادرانی لقی سلێمانی یەكێتی ژنانی كوردستانەوە پیرۆزبایی ٢٥ ساڵەی یادی رۆژنامەی ژیانەوە ئەكەم كە دیارە بەراستی رۆژنامەیەكە عەسكەرانیە كاریكردوە‌و كۆڵی نەداوە لەوەی كە لە چەندین قەیراندا كە زۆربەی رۆژنامەكان داخران، بەڵام ژیانەوە بەردەوام بوو بەهەموو شێوازێك نەیهێشت بۆشاییەك بكەوێتە ئەوەی كە ژیانەوە لەنێوان خۆی و كۆمەڵگە داببرێ‌، ئەمە خۆی گرنگییەكی زۆر زۆری هەیە بەراستی ژیانەوە سەرجەم بابەتەكانی گرنگە لەهەموو روانگەیەكەوە سەیر ئەكەیت گرنگی پێ ئەدات، من زۆربەی بەشەكانیم بەدڵە، بەڵام هیوادارم بتوانرێت پەرەیەكی تایبەتمان هەبێت بۆ ئەو ژنانەی سەردەمانێكی زۆرە كاریان كردوە‌و لەوانەیە ئێستا توانایان نەبێت بێنە دەرەوە بتوانێ بگەرێ بەدوایانە بۆ ئەوەی لەژیانەوەدا دەنگ‌و قسە‌و توانا‌و چالاكییەكانی خۆیان وەكو راوێژكارێك بۆ ئەم نەوە تازەیەی كە دێنە ناو كایەكەوە چاوی لێبكەن گرنگی پێبدرێ كە ئەوانە كاریگەری خۆی هەیە، چونكە بەجدی خوێندنەوە وەكو شتی تر نیە، رۆحە لەگەڵ رۆحدا قسە ئەكەیت وەكو ئەوە نییە كە مۆبایلێكت بەدەستەوە بێت و گەران بكەیت و هەموو شتێك بێتە بەردەستت، بەڵام كە رۆژنامەیەك ئەگریت بەدەستەوە هەست ئەكەیت لە بەرامبەرتە ئەو كەسەو قسەی لەگەڵ ئەكەیت.

دەستی یەكە بەیەكەی ئەندامان و كادرانی ژیانەوە ئەگوشم بەتایبەتی سەیوان خان كە بەراستی توانیویەتی بەردەوام بێت، هیوادارم راگەیاندنەكەمان لەوە زیاتر هەنگاو بنێت‌و باشتر ببێت، چونكە بەراستی لەوانەیە رەخنەشمان لێ بگیرێت‌و رەخنەش هەبێت ئەمانە ئەبێت بەهەند وەربگیرێت بۆ ئەوەی بتوانین ئێمە ژیانەوە باشتر بەرینە پێشەوە كە ئەمە خۆی لەخۆیدا گەورەی ئەو شوێنە ئەخولقێنین، هیوادارم یەكێتی ژنان بتوانێ گرنگی زیاتر بە بەشی راگەیاندن بدات.

گوڵزار نەقشبەندی / ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتی ژنانی كوردستان

یادی ٢٥ ساڵەی دەرچوونی رۆژنامەی ژیانەوە پیرۆز ئەكەم لە هەموو ستافی راگەیاندن، پێش هەموو شتێك پاشان هەموو ئەندامانی یەكێتی ژنان لەهەموو لقەكان لە سكرتاریەت و هەموو شوێنێك بەهیوام رۆژنامەكە زیاتر و زیاتر گەشە بكات كە رۆژنامەی خۆمان‌و هەموو ژنێكی كادری یەكێتی ژنانە‌و هەموو ژنێك لە كوردستان بەهیوای ئەوەم كە زیاتر گەشە بكات و لەهەموو بوارێكدا بێگومان ئەو رۆژنامەیە لە هەموو كاتێكدا ئێمە تەنانەت لە رۆژە سەختەكانیش كە كەرەنتینە بوو رۆژنامەكەمان هەر دەرچووە بە ئۆنلاین‌و نەیان هێشتوە ستافی راگەیاندن كە ئەو رۆژنامەیە بوەستێت، بۆیە دەستخۆشی لە ستافەكەی ئەكەین بەهیوای سەركەوتنی بەردەوام ئینشەئەڵا زیاتر گەشە ئەكات لەهەموو رووەكانەوە.

پێشنیار ئەكەم بتوانین ژیانەوە بەزمانەكانی تریش بەتایبەتی ئینگلزی و عەرەبی دەربچێت، چونكە ئەو كاتە بتوانین زیاتر بڵاویبكەینەوە و ئێمە لە هەموو شوێنەكان و هەموو ماڵپەرەكان، دووبارە سەركەوتووبن.

هودا محەمەد/ كادری یەكێتی ژنانی كوردستان

رۆژنامەی ژیانەوە تاقانەیە لەناو ژناندا، تاكە رۆژنامەیە و تەمەنێكی زۆری هەیە كەم نییە ٢٥ ساڵ تەمەن دروشمەكەشی وەكو هەموومان ئەزانین ژن. خەبات ژیان، ژیانەوە باس لە بابەتەكانی ژنان ئەكات و زیاتر جەخت بكاتەوە لەو كار‌و چالاكی و رووداوەكانی كە لەناو رێكخراوی یەكێتی ژنانی كوردستاندا رووئەدات، لە هەمان كاتیشدا لەهەموو لقەكانی یەكێتی ژنان‌و بابەتەكانی پەیوەست بەژنان بەتەنها لەرووی تەندروستی و هونەرە رۆڵیان لەو بوارانەدا چیبوە ژنان، هەروەها كلتور تا چەند كاریگەری هەبووە لەسەر ژیانی ژنان لە رابردوو و ئێستا‌و داهاتودا چ كاریگەریكی ئەبێت لەهەموو بوارەكانی سیاسی و ئابووری و هەموو بوارێك كە ژن تێیدا كاردەكات.

لەرووی خوێندەواریەوە تاچەند خوێندەواری كاریگەری هەیە لەسەر ژنان بە تایبەتی لە رۆژانی ئەمرۆماندا بەهۆی بایكۆت و شەری داعش و كۆرۆناوە خوێندن وەكو پێویست نەبووە ئەمانە تا چەند كاریگەری هەیە لەسەر خوێندەواری و ئاستی رۆشنبیری كچان‌و ژنان‌و باس لەوە بكرێت ژنان تا چ ئاستێكی خوێندنی باڵا ئەرۆن لە چاو پیاواندا یان رێژەی ژنان زۆرترە لە زانكۆ و خوێندنگەكان یان پیاوان هەموو ئەوانە كۆمەڵە بابەتێكن ژیانەوە پێویستە گرنگی زۆریان پێبدات و باسیان بكات دڵنیاشم خوێنەر چێژ لەو بابەتانە ئەبینێت، بەراستگۆی من ئەڵێم بەتەنیا بابەتی جوان و گونجاو لەناو رۆژنامەكەدا بەس نییە ئەوەی كە هاوەڵیەتی كە رۆژنامەكە بڵاوبكرێتەوە، چونكە لەوانەیە چەندەها كەس هەبن دەرفەتی ئەوەیان نەبێت رۆژنامەی ژیانەوە بخوێنەوە، رەنگە چەندەها كەس هەبن بیانەوێت رۆژنامەیەكی وەها بخوێننەوە كە تایبەتە بە ژنان، بەڵام نەگات بەدەستیان، بۆیە داواكارم رۆژنامەكە لە بازاڕدا هەبێت بۆ ئەوەی هەموو كەس بتوانێت بیخوێنێتەوە و سوودمەند بێت لە بابەتەكانی.

شێوە كەمال / كادری یەكێتی ژنانی كوردستان

پیرۆزبایی خۆم لە رۆژنامەی ژیانەوە ئەكەم، پیرۆز بێت لە یەكێتی ژنان بەتایبەتی راگەیاندنی یەكێتی ژنانی كوردستان دەستیان خۆش بێت و لەشیان ساخ بێت.

پەرێز رەشید / كادری یەكێتی ژنانی كودستان

پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی ستافی رۆژنامەی ژیانەوە ئەكەم بە بۆنەی دەرچونی یەكەم ژمارەی رۆژنامەی ژیانەوە.

گوڵاڵە باهیر/ كادری یەكێتی ژنانی كوردستان

پیرۆزبایی لەستافی رۆژنامەی ژیانەوە ئەكەم، هیوادارم سەركەوتووبن، ئەگەرچی بابەتی بەپێز‌و جوان بڵاودەكاتەوە، بەڵام پێشنیار دەكەم گرنگی زیاتر بە بابەتی كۆمەڵایەتی بدات.

پروشە فەیسەڵ، سلێمانی

هاوشێوە

ڤیدیۆ