لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما و سروشتی نەخۆشیەكانی سكچوون و دوابەدوای چالاككردنەوەی بەرنامەی پەتازانی و دۆزینەوەی حاڵەتەكان بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشیەكانی سكچوونی توند لەلایەن دامودەزگاكانی تەندروستی لە شوێنە جیاوازەکانی هەرێمی كوردستان بەپێی بەرنامە و پلانی دارێژڕاو.
بۆ بەرچاوڕوونی هاوڵاتیان ڕایدەگەیەنین كەوا ژمارە و ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشیەكانی سكچوونی توند زیادیكردووە و تیمەكانی پەتازانی بەپێی ستانداردی پەتازانی ڕێژەی پشكنین بۆ دۆزینەوەی حاڵەتەكانی كۆلێرا ئەنجامدراوە، بەمەش ژمارەیەك لە حاڵەتەكانی كۆلێرا لە تەمەنە جیاوازەكان لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەولێر دەستنیشانكراون دوای پشتڕاستكردنەوەی تاقیگەیی، بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێكاری زیاتر و توندتری لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكانی كشتوكاڵ و شارەوانی و ناوخۆ و پارێزگا و ئیدارەسەربەخۆكان گرتۆتەبەر بەهەماهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی WHO و تەندروستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان لەبواری خۆپارێزی و چارەسەری و دابینكردنی پێداویستی پزیشكی.
داوا لە هاوڵاتیانی خۆشەویست دەكەین پابەندی ڕێنماییەكانی پاكوخاوێنی كەسی و دڵنیابوونەوە لە ئاوی پاكی خواردنەوە و خۆراك بن و لەكاتی دەركەوتنی نیشانەكانی سكچوون بەزووترین كات پەیوەندی بە دەزگاكانی تەندروستی بكەن لەپێناو ڕێگریكردن لە ئاڵۆزکانیەكان و سەلامەتیان.
وەزارەتی تەندروستی
حكومەتی هەرێمی كوردستان
١٩ ی حوزەیران ٢٠٢٢