ژنە ئەكتەرێكی نێو درامای كوردی، سەرەڕای ئەوەی ڕۆڵی ژنان لە نێو هونەر و درامای كوردی بە سەركەوتوو پێناسە دەكات، بەڵام نیگەرانیشە لەوەی درامای كوردی لە قەیراندایە و پێویستی بەدەرباز بوون هەیە.
هونەرمەند ڕوناك دڵپاك، هاوسەری هونەرمەندی كۆچكردووی كورد جیهاد دڵپاك، لە چاوپێكەوتنێكی كورتدا، بۆ تۆڕی میدیایی تەوار باس لە ڕۆڵی ژن لەنێو هونەری كوردی و دۆخی درامای كوردی دەكات.
ڕوناك دڵپاك، ئەكتەرێكی دیاری نێو هونەری درامای كوردییە و لە ساڵانی ڕابردوودا، لەچەند درامایەكی كوردیدا ڕۆڵی بینیوە، لەسەر دۆخی ئێستای درامای و بەشداری ژن و هونەری كوردی بە ژیانەوەی وت: ڕۆڵی ژنان لەنێو هونەری كوردی و درامای كوردیدا بەرەوپێشچونێكی باشی بەخۆیەوە بینیوە و ڕۆژ لەدوایی ڕۆژ زیاتر گەشە و ڕووحیەت دەدەن بە هونەر و درامای كوردی، لە ئێستاشدا ژنان بەشێكی گرنگی نێو درامای كوردین و ڕۆڵ و كاریگەری خۆیان هەیە.
ئەو هونەرمەندە وتیشی: لە سەردەمی پێش نەوەدەكان، بەهۆی بەشدارینەكردنی ژنان لەنێو درامای كوردی، پیاوان ڕۆڵی ژنانیان دەبینی، بەڵام ئێستا بەشداری ژن لە دراما كوردییەكان پێویستی تێپەڕاندووە و لە ئاستێكی زۆرباشدایەو دەرهێنەر لە كاتی دیاریكردنی ژنان بۆ ڕۆڵ بینینیان لەنێو درامادا، ڕاناوەستێت و ژنمان هەیە زۆر باشتر لە پیاو رۆڵ دەبینێت.
ڕوناك ماوەی زیاتر لە 32 ساڵە كاری هونەری دەكات، ئاماژە بەوە دەكات، دیمەنی نێو دراما كوردییەكان لەئێستاو ڕابردووش پەیامیان داوە بە بینەر، تا ڕادەیەك توانراوە، هۆشیاری كۆمەڵایەتی لەڕێگەی هونەر و درامایی كوردییەوە بگەیەنرێتە بینەر.
ئەم هونەرمەندە باسی لەوەشكرد: بەهۆی بڵاوكردنەوەی دراما توركییەكان لە كەناڵە كوردییەكانی باشوور، كاریگەری زۆری لەسەر درامای كوردی كرد و وایلێكردووە درامای كوردی بكەوێتە قەیرانەوە و لەئێستادا بەشێك لەدراما كوردییەكان لەقەیراندان و پشتیان بەدەقی دراما بیناكان بەستووە، ئەمەش مەترسی گەورەی هەیە و پێویستە كارێك بكرێت بۆ ئەوەی درامای كوردی لەو قەیرانە ڕزگار بكرێت.
لەبارەی كەمی درامای كوردی لە ئێستادا، دڵپاك، وتی: نەبوونی سپۆنسەری باش و دووبارەبوونەوەی چیرۆكەكان و زۆربونی درامای توركی وایكردووە، درامای كوردی بەو شێوەیەی جاران بەردەوام نەبێت.
هاوڕێ كرێكار