ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

ساڕێژ فەتحوڵا هەشت ساڵە پاڵەوانی عیراق‌و كوردستانە لەیاری گۆڕەپان و مەیدان دا

كچێكی گەرمیانی ماوەی 8 ساڵە لە یاری گۆڕەپان و مەیدان، لە یاری 100 و 200 مەتری پاڵەوانی عێراق و كوردستانە، دوای تووشبوونی بەپێكان كۆڵنادات و لەیاری هێزی لەش یاری دەكات و لەسەر ئاستی عێراق یەكەمە و لەپاڵەوانێتیەك پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە لە ڕۆمانیا و لەسەر ژیان و دەستكەوتەكانی بۆتۆڕی میدیای تەوار قسە دەكات.

ساڕێژ فەتحوڵا عەلی، تەمەنی 27 ساڵە و یاریزانێكی ناسراوی سنوری گەرمیان و كوردستان و عێراقە لە یاری گۆڕەپان و مەیداندا، وتی: “یاریزانی ڕاكردنی 100م و200 مەتریم و 8 ساڵە لەو یارییە بەردەوامم و خاوەنی چەندین دەستكەوتی گەورەم و لە ئاستی خۆم خاوەنی پلەی یەكەمم لە گەرمیان و عێراق و كوردستان، لە ساڵی 2019 بەهۆی پێكان لە ئەژنۆی چەپم لە یاریكردن دابڕام”.

وتیشی: ” بۆ ماوەی چەند ساڵێك یاریزانی یانەی سیروانی نوێ‌ بووم، بۆ جامی عێراقیش، بۆ یانەی جنسیە و عەلەم یاریم كردووە، لەهێزی لەشیشدا بۆ یانەی هەڵەبجە یاریم كردووە و لە وڵاتی ڕۆمانیا بۆ زانكۆكەی خۆم، بەشداری جامێكم كرد‌و پلەی یەكەمم هێنا”.

لەسەر دەستكەوت و ئەنجامەكانی وتی: لەگەرمیان خۆم خاوەنی پلەی یەكەمم و پاڵەوانی عێراقم لەپلەی یەكەم و دووم و سێیەم، لە 100 م پلەی یەكەم و دوەەم هەیە لە ئاستی كوردستان، لە 200 م. لەماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر لە 5 كیلۆ مەتر بوو دووەم بووم، لە ماراسۆنی سلێمانی پلەی دووەمم بەدەستهێنا و لە لوبنان بەشداری ماراسۆنێك بووم 42 كیلۆ مەتر بەربەست بوو لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق ڕۆیشتم پلەی سێیەم بەدەستهێنا.

سەبارەت بەدەستكردنی بە یاری هێزی لەش وتی: ماوەی دوو ساڵ لە لای ڕاهێنەرێك بەناوی عەزام ڕەحیم ڕاهێنان دەكەم، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی عێراقە، توانیومە لەماوەی ئەم دوو ساڵە پارێزگاری لە نازناوی خۆم بكەم لەكێشی 60 كیلۆ، راستە دوورە لەمنەوە، بەڵام زۆر پاڵپشتی من دەكات و لەم یارییەش كە ماوەی دوو ساڵە سەرقاڵی یاریی كردنی هێزی جەستەیم، یەكەمی سەر ئاستی عێراقم لەهەرسێ یاری (پێنج پرێس و دبنی ودێگڵفت)، ئەوانەی دووم و سێییەمن نەگەیشتونەتە ئاستی كێشەكەی من.

لەسەر ئەوەی بۆ یاری گۆڕەپان و مەیدان هێزی لەشی كچان لەگەرمیان، پێشناكەوێت، ساڕێژ وتی: هیچ پاڵپشتیەك نییە لەكەلار بۆ كچان بۆ ئەوەی ڕوو لەوەرزش بكەن، بەداخیشەوە، وەرزش دراوەتە دەست چەند كەسێك لە وەرزش نازانن، بۆیە كچ لە گەرمیان پێناگات، ئەگەر ڕاهێنەرێكی باش بهێنن و پاڵپشتی مادی هەبێت ئەوە زۆر باش دەبێت و كاری باش دەكات‌و كچی زۆر باش دروست دەكات، چونكە كچ و كوڕی گەرمیانی لەڕووی بەدەنییەوە زۆر بەهێزن و هەندێ خەڵكیش هەیە پێیان شەرمە كچەكانیان بڕوات بۆ یاریكردن، بۆیە ئەمە بوەتە هۆی ئەوەی كچان كەمتر ڕوو لە وەرزش بكەن.

لەكۆتایدا، سارێژ لەسەر پاڵشتی خۆی و بەشداری خانەوادەكەی لە یاریكردن، وتی: دایكم بە پلەی یەكەم و هەردوو هاوڕێم، دڵسۆز عوبێد و شێنێ عەزیز هاندەر و پاڵپشتمن بۆ سەركەوتن، جگە لەخۆم خوشكێكی دیكەم و برایەكم لە گۆڕەپان و لەش جوانی یاریزان بوون، بەڵام بەردەوام نەبوون، ئامانجمە لەم ئاستە باشەدا بمێنمەوە و وهیوادارم یانەیەكی باش پاڵپشتیم بكات و ئەنجامی باش بەدەست بێهنم، كەس لەكەلار دەعمی نەكردووم، بۆیە رووم لە شارەكانی تر كردووە.

هاوڕێ كرێكار

هاوشێوە

ڤیدیۆ