ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

زانکۆی سۆران لەسەر بە ناڕەوا هێرشکردنە سەر مامۆستا نیشتمان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیە کاندا
ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەو.

دوابەدوای کوشتنی پ.ی. د.کاوان ئیسماعیل راگری کۆلێجی یاسای زانکۆی سەلاحەدین و پ.ی.د.ئیدریس حەمە خان لە ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، و بە ناڕەوا هێرش کردنە سەر مامۆستا نیشتمان مامۆستای زانکۆی سۆران لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا سەرۆکایەتی زانکۆی سۆران راگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە
ئەمەش دەقی ڕاگەیاندراوەکەیە

بەیاننامەیەک لە زانکۆی سۆرانەوە

«وَقُلِ اعْمَلُوا فَسَيَرَى اللَّهُ عَمَلَكُمْ وَرَسُولُهُ وَالْمُؤْمِنُونَ وَسَتُرَدُّونَ إِلَى عَالِمِ الْغَيْبِ وَالشَّهَادَةِ فَيُنَبِّئُكُمْ بِمَا كُنْتُمْ تَعْمَلُونَ»(التوبة – 105)

ڕووداوی شەهیدکردنی هەر دوو مامۆستا پ. د. کاوان ئیسماعیل، ڕاگری کۆلێژی یاسا و پ. ی. د. ئیدریس حەمە خان، مامۆستا لە کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەلاحەددین-هەولێر کۆدەنگییەکی نیشتیمانی سەبارەت بە مەزڵوومیی خوالێخۆشبووان درووست کردووە. هەمووان هاوسۆزییان بۆ کەسوکاری قوربانیان هەیە. هەمووانیش داوای سەروەریی یاسا و بەدیهێنانی دادپەروەری دەکەن. بەڵام بە داخەوە، کەسانێک لە دەرەوەی ئەم هێڵە گشتییەوەن. بە هەر هۆکارێک بێت، کە بە زۆری لە بەر نەزانییە، هێرشی ناڕەوا ئەنجام دەدەن. زانکۆکانی سۆران و سەلاحەدین-هەولێر تۆمەتبار دەکەن. لەوەش خراپتر کەسانێک هەن کێشەکە بە بەڕێز د. نیشتیمان عوسمان، مامۆستای زانکۆی سۆرانەوە گرێ دەدەنەوە. ئەوان بە بێ ئەوەی وردەکارییەکانی کەیسەکە بزانن، لە هیچ و خۆڕا و لە سەر بنەمای مەزەندە و خەملاندنی نادرووستی خۆیان حوکمی هەڵە دەدەن کە پێویستە بوەستێندرێن.

ئێمە لە زانکۆی سۆران پشتیوانیی تەواو لەو مامۆستایەی خۆمان دەکەین و لە پێناو بەدەستهێنانەوەی مافەکانیدا درێغی لە پێشکەشکردنی هیچ جۆرە یارمەتییەک ناکەین. زانکۆی سۆران هاوسۆزی و پاڵپشتیی تەواوی خۆی نیشان دەدات و داواش لە هەموو لایەک دەکات بە هەمان ئاراستە کار بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە خەمبارین بەوەی لەم دۆخە سەخت و ناڕەحەتییەدا کەسانێک دوور لە بنەما ئایینی و ئەخلاقییەکان تۆمەتی ناڕەوا دەبەخشنەوە و بێ ئەوەی لە وردەکارییەکانی بابەتەکە ئاگادار بن قسەی بێ بنەما دەکەن و بۆ ئەو مەبەستەش پانتاییەکانی سۆشیاڵ میدیا بەکار دەبەن. لێرەوە داوا دەکەین بەرلەوەی ناچار بین ڕێگەی یاسایی بەرامبەر بەو کەسانە بگرینە بەر، واز لە بوختانی بێ بنەما و هەڵسەنگاندنی نادرووستیان بهێنن و وەک هەمووان چاوەڕێی بڕیاری دادگا بکەن.

بەیاننامەی دامەزراوە باڵاکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ڕووداوەکە، نیشاندانی دەربڕینی پاڵپشتییەکی گەورەیە بۆ مافخوراوان و ستەملێکراوانی دۆسیەکە. بە هەمانشێوەش سەبوورییە بۆ ئێمە و کەسوکاری قوربانیان. لە هەموو ئەو بەیاننامانەشدا، جەخت لە سەر سەروەریی یاسا و بەدیهێنانی دادپەروەری کراوەتەوە. ئێمەش لە زانکۆی سۆران باوەڕی تەواومان بە سەربەخۆیی دادوەریی و سەروەریی یاسا هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەین هەر جۆرە هاوکارییەکی پێویست لەپێناو خێراتربوونی پڕۆسەکانی دادگاییکردنەکە پێشکەش بکەین.

ستافی وانەگوتنەوەی زانکۆ خۆیان بە قەرزاری مامۆستایانی شەهید دەزانن و باوەڕیان وایە کە شەهیدان بە خوێنی خۆیان بوونە قەڵغانێک بۆ پاراستنی هەموومان. ئەوان لەم ڕێگەیەوە مەترسییان لە سەر گیانی هەموومان لابرد کە ڕێی تێدەچوو لە بری هەر یەک لەوان یەکێک لە ئێمە ببوایەتە قوربانیی دەستی تیرۆر. ئێمە باوەڕمان بە عاقیبەت خەیریی مامۆستایانی شەهید هەیە؛ ئەوان تەنانەت لە دوای شەهیدبوونیشیان لە ڕێگەی جۆری شەهیدبوونیانەوە خزمەت بەم نیشتیمانە دەکەن. ئەوەتا هەر لە بەر ئەم ڕووداوە بوو کە بڕیار لە سەر داماڵینی کوردستان لە چەکی بێ مۆڵەت دەرکرا و بەمەش گیانی هەزارانی دیکە دەپارێزرێت و کۆمەڵگایەکی ئارامترمان دەبێت.

لە کۆتاییدا، جارێکی دیکە هەموو پاڵپشتی و هاوسۆزییەکی خۆمان بۆ مامۆستای زانکۆمان، د. نیشتیمان عوسمان، دووبارە دەکەینەوە. ئێمە لە زانکۆی سۆران تەواو دڵنیاین لەوەی کە هەموو هەنگاوەکانی بەڕێزیامن لەم دۆسیەیەدا بە ئاراستەی سەروەریی یاسا و بەدیهێنانی دادپەروەریدا بوون. چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەکەین تا ماف بۆ مافخوراوان بگەڕێنێتەوە و بە بڕیارێکی دادپەروەرانە سەبووریی بە کەسوکاری قوربانیان ببەخشێت و وانەیەک فێری کۆمەڵگا بکات کە تاوان ناشاردرێتەوە و تاوانبارانیش ڕێی دەرچوونیان لە یاسا بۆ نابێت. هەروەها داواکارین هەموو لایەک بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم کەیسەدا بکەن و بە قسەی نابەرپرسیارانە دۆخی دەروونیی کەسوکاری قوربانیان شڵەژاوتر نەکەن. داواکارین هەموو لایەک چاوەڕێی بڕیاری دادگا بن کە هەموو وردەکارییەکانی دۆسیەکە لای دادگایە و دادگاش لە سەر بنەمای ئەو زانیارییانە بڕیاری خۆی دەدات.

دووبارە پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری قوربانیان دەکەین و لە خوای گەورە داواکارین جێگەی قوربانیان بەهەشتی بەرین بێت. ڕۆحی مامۆستایانی شەهید بۆ هەمیشە لە ناوماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە و ئەکادیمیانی کوردستان هیچ کات ئەوان لە یاد ناکەن.

«وَبَشِّرِ الصَّابِرِينَ الَّذِينَ إِذَا أَصَابَتْهُمْ مُصِيبَةٌ قَالُوا إِنَّا لِلَّهِ وَإِنَّا إِلَيْهِ رَاجِعُونَ» (البقرة – 156)

سەرۆکایەتیی زانکۆی سۆران
١ی تەموزی ٢٠٢٢

هاوشێوە

ڤیدیۆ