ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

ژنان كاری جیاواز دەكەن

كاتێك بەشەقامەكانی شاردا دەڕۆین، چەندین ژن، دەبینین بە ئوتومبێلە تایبەتیەكانیان كاروباری رۆژانەیان بەڕێدەكەن، بەڵام بەردەوام لەكۆمەڵگەی كوردیدا، ئەوەهاتۆتە بەرگوێمان كە ژنان ناتوانن شۆفێری پاس‌و تاكسی‌و گواستنەوەی گشتی وەكو پیشە بەكاربهێنن، بەڵام خۆشبەختانە خاتوو نەسرین‌و چەندین ژنی تر توانویانە ئەو كارە بكەن‌و كاری جیاوازیش تاقیبكەوەو بەردەامیش بن لەسەری.

خاتوو نەسرین محەمەد، ماوەی شەش ساڵە شۆفێری تاكسیە‌و وەكو پیشە بەكاریدەهێنێت و بژێوی ژیانی خۆی‌و خێزانەكەی پەیدادەكات.

نەسرین فەرمانبەرە لەشاری سلێمانی‌و سەرەتای دەستپێكردنی كارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ماوەی شەش ساڵ، لەوبارەیەوە دەڵێت: بەهۆی پاشەكەوتكردنی موچەوە دەستم بەكاری شۆفێری تاكسی كرد.

(نەسرین)ی تەمەن 38 ساڵ بڕیاریدا وەك ژنێك بۆ بەدەستهێنانی بژێوی خۆی و خێزانەكەی دەست بەكاری تاكسی بكات.

ئەم خاتوونە باسی لەوەكرد: ئەگەر ژنان كاری شۆفێری تاكسی تاقیبكەنەوە، زۆریان پێخۆش دەبێت‌و دەیانەوێت بەردەوامی بەكارەكەیان بدەن، چونكە لەكارەكەیان زۆر ئاسودە دەبن، لەهەمانكاتدا بڕێك پارەشیان دەستدەكەوێت.

لەئێستادا ماوەی شەش ساڵە دەستی بەمكارەی كردوە‌و وەكو خۆی دەڵێت: لە هەموو شوێنێكی شاری سلێمانی كاردەكات.

وتیشی: “بۆئەوەی ژیانی تاكەكانی كۆمەڵگە باشتر بەڕێوەبچێت، پێویستە هەر تاكێك خاوەنی داهات و دارایی سەربەخۆی خۆی بێت”.

پەیامیشی بۆ ژنان‌و كچان ئەوەیە كە: ژنان لەهەر بوارێكدا توانا‌و بەهرەیان هەیە‌و تیایدا سەركەوتوون با بەكاریان بهێنن و كاری خۆیان بكەن، چونكە بۆ كارئاسانی ژیانی خۆیان‌و زیاتر خۆشگوزەرانبونیان باشترە كە كاری خۆیان هەبێت، هاوكات چاوەڕوانی دەستی كەس نەكەن.

نەسرین دەڵێت: “ئەم كارەم هەڵبژاردووە، لەبەرئەوەی خۆم خاوەن ئیشدەبم‌و لەكاركردندا سەربەست دەبم و بەو جۆرەی لەتوانامدایە‌و پێمخۆشە كارەكەم بەئەنجام دەگەیەنم، ئەوەم پێخۆش نییە كەسێك سەرپەرشتی ئیشەكانم بكات‌و مامەڵەی خراپ بێت، بەڵكو دەمەوێت خاوەنی كاری خۆم بم و خۆم سەرپەرشتی كاری خۆم بكەم”.

ناوبراو باشییەكی دیكەی كارەكەی ئاماژە پێداو وتی:”هەركات كاتم هەبێت بۆ كاركردن دەچم، كاتێكیش نەتوانم سەربەستم و بۆ كاركردن ناچم”.

لەكاتی باسكردنی كاری شۆفێرییەكەیدا نەسرین ڕایگەیاند: لەكاتی كاركردندا كەسانێكی باشم ناسیوە، ئەوەش خۆشی بەخشیوم، ئەو كەسانەش مامەڵەیەكی زۆر باشم لەگەڵ دەكەن‌و دەستخۆشم لێدەكەن و ڕێزم لێدەگرن.

لەبارەی شوێنی كاركردنی تاكسییەكەیەوە، نەسرین دەڵێت: “شوێنێكی دیاریكراو بۆ وەستاندنی ئۆتۆمبێلەكەم نییە، بەڵكو لەشەقامی مەولەوی و لای مزگەوتی گەورەی ناوشار و ناو بازاڕی شاری سلێمانی دەگەڕێم”.

ئەم ژنە فەرمانبەرە جیاوازی ڕەگەزیی ناكات و بێ جیاوازی ژن و پیاو سەردەخات، لەم بارەیەوە وتی: “گرنگی بەجیاوازی ڕەگەزیی نادەم، هەركەسێك دەستم لێ ڕابگرێت، یان ئەو كەسانەی ژمارەی مۆبایلەكەمیان لایە پەیوەندیم پێوە بكەن، ژن بێت یان پیاو ئاساییە‌و دەیانگەیەنمە شوێنی دیاریكراو”.

لەكۆمەڵگەی كوردیدا كاركردنی بەشێكی زۆر لە ژنان پێویستی بەپاڵپشتی كەسانێك دەبێت بەتایبەتیش خێزان و كەسە نزیكەكانیان، نەسرین-یش لەمبارەیەوە وتی: خێزانەكەم پاڵپشتی تەواوەتیم دەكەن و یارمەتیدەرێكی زۆر باشن.

بۆ یەكەمجار لەرانیە، ژنێك غەسلێكی ئۆتۆمبێل دادەنێت

خاتوو ئەژین ئیسماعیل، ژینگەدۆستە‌و خاوەنی دوو بڕوانامەی زانكۆیە‌و پێشتر كاری دەستڕەنگینی كردووە‌و بەشداری پیشانگای هونەری كردووە، لەئێستادا غەسلێكی ئۆتۆمبیلی لەقەزای رانیە داناوە.

خاتوو ئەژین سەبارەت بەمكارەی بۆ ژیانەوە وتی: “ماوەی چەند مانگێكە ئەم كارە دەكەین، خەونی لە مێژینەم بوو كە غەسلێكم هەبێت، هەمیشە ئامانجم ئەوە بووە بتوانم كارێك بكەم كە گەنجان بخەمە سەر كار‌و دەمەوێت كارێكی جیاواز بكەم بۆ ئەوەی تێیدا سەركەوتووبم”.

سوعاد محمود، ژنێكی ترە لەگەرمیان تاكە ژنە ماوەی دووساڵە شۆفێری تاكسیە‌و وەكو پیشە بەكاردەهێنێت، ئەم ژنە دەڵێت: “سەرەتا ئوتومبێلێكم كڕی بۆ كاروباری رۆژانەی خۆم‌و خێزانەكەم، بەڵام خۆشبەختانە رۆژێك هاوڕێیەك پێشنیاری بۆ كردم كە بە ئوتومبێلەكەم كاری گواستنەوە بكەم، منیش لەگەڵ خێزانەكەم قسەم كردوو، دوای گفتۆگۆكردن لەگەڵیان ئەوانیش پاڵپشتیان كردم‌و پێیانباش بوو، بۆیە دەستم كرد بەو كارە‌و ئێستا هاتوچۆ بەمامۆستا‌و فەرمانبەر‌و ژنانی خاوەنكار دەكەم.

وتیشی: “بەخۆشحاڵیەوە كارەكە دەكەم‌و ژنانیش بە ئاسودەییەوە لەگەڵمن‌و پێشتر ژنان خۆیان باسی دەكەن كێشەی هاتوچۆیان هەبووە، بەڵام لەئێستادا لەگەڵ شۆفێری ژن ئاسودەترن، منیش لێرەوە داوا لە ژنانی شارەكەم دەكەم بە كاركردنی زیاتر حەز‌و خولیای خۆیان گرنگی پێبدەن و هەموو كاركردنێك سەرەتا قورسە‌و ڕەنگە ئاستەنگی بێتە بەردەمت، بەڵام بە بەردەوام بوون بەرەوسەركەوتن دەچیت”.

ئا:تریفە

هاوشێوە

ڤیدیۆ